لە سێدارەدانی هاوڵاتییەكی روانسەر دوای شەش ساڵ زیندانی

ئێرانKDP.info/ هاووڵاتییەكی كوردی خەڵكی شاری روانسەر، پاش شەش ساڵ مانەوە لە زیندان، لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا لە زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان لە سێدارە درا. بەپێی هەواڵی كوردپا، ئارمان محەمەدی كوڕی ئەنوەر و خەڵكی شاری روانسەر بە تاوانی ئەنجام دانی كوشتن لە زیندانی دیزڵ ئابادی كرماشان لە سێدارە درا. بە وتەی سەرچاوەیەكی نزیك لەو بنەماڵەیە، ئارمان لە كاتی دەستبەسەر كرانیدا "تەمەنی دوازدە ساڵ بووە و دواتر لەلایەن دادگاوە بە تۆمەتی بەشداری كردن لە كوشتنی هاووڵاتییەك فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەركراوە كە پاش شەش ساڵ راگیران لە زیندان و گەیشتن بە تەمەنی هەژدە ساڵی ئەو حوكمەی بەسەر جێبەجێ كرا. سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە لە سێدارە دراوە چەندین جار داوای لێخۆشبوونیان بۆ كوڕەكەیان كردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوە كە تەمەنیشی كەم بووە، فەرمانی لە سێدارەدانەكەی جێبەجێ كراوە. ئاماژە بەوەدەكرێت كە دوو كەسی دیكەش هاوكات لەگەڵ ئارمان محەمەدی بەتۆمەتی بەشداری كردن لە كوشتندا دەستبەسەر كران كە ئەو دوو كەسەش لەلایەن دەزگای دادی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە زیندانی هەتاهەتایی مەحكووم كراون. بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵی كوردپا، لە ماوەی مانگی رابردوودا حەڤدە هاووڵاتیی ئێرانی بە بڕیاری دەزگای دادی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سێدارە دراون، كە حوكمی لە سێدارەدانی چوار كەسیان لەبەر چاوی خەڵك بەرێوە چووە. ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو دەكرێتەوە، بە سەرنجدان بە رەوتی لە سێدارەدانی نهێنیی هاوڵاتیان لە زیندانی كانی ئێراندا، دەكرێ ئاماری راستەقینەیلە سێدارەدان لەو رێژەیەش زیاتر بێت.




