22 پارتی سیاسی توركیا بەشداری لە هەڵبژاردنەكان دەكەن

ئەنقەرە- / KDP.infoلە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانی توركیا بۆ هەڵبژاردنە هەرێمییەكان كە بڕیارە لە مانگی ئاداری ساڵی داهاتوودا ساز بكرێن، سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كۆماری توركیا رایگەیاند كە لە توركیا تەنیا 22 پارتی سیاسی بۆیان هەیە كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاویكردەوە كە سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری توركیا رایگەیاند كە لە توركیا بە گشتی 75 پارتی سیاسی بە رەسمی تۆمار كراون و زۆرترین رێژی تۆمار كردنی پارتە سیاسییەكانیش لە ساڵی 2012دا بووە.
سەرۆكی داواكاری گشتی كۆماری توركیا ئاشكرای كردووە كە لە كۆی گشتی ئەو 75 پارتەدا تەنیا 22 پارتی سیاسی بۆیان هەیە كە بەشداری لە هەڵبژاردنە هەرێمییەكانی توركیا بكەن.
سەرچاوەكە باسی ئەوەی كردووە كە ساڵی 2012 ساڵی دامەزراندنی پارتە سیاسییەكان بووە لە توركیا و تەنیا لەو ساڵەدا 11 پارتی دامەزراون. ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە ئێستە لە توركیادا بە گشتی 75 پارتی سیاسی هەیە بەڵام تەنیا 22 پارتی دەتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنەكان بكەن.




