پۆلیس هێرشی كردە سەر خۆپیشاندانەكەی سەندیكای كرێكارانی توركیا

ئەنقەرە- KDP.info/ سەندیكای كرێكاران و كارمەندانی توركیا ( كەسك) لە هەینی هەفتەی رابردووەوە دەستی بە خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئەو وڵاتەدا كردبوو و دوای چەند رۆژێك لە دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی شارە گەورەكان، رۆژی سێشەممە كەسك لە ئەنقەرەیش دەستی بە خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری كرد.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی بڵاویكردەوە كە سەندیكای كرێكاران و كارمەندانی توركیا بە مەبەستی ئیدانەكردنی گوشارەكانی حكوومەتی توركیا بۆ مۆركردنی بە كۆمەڵی گرێبەستی كار لە رۆژی هەینییەوە لە چەندین شاری توركیا دەستی بە خۆپیشاندان كردووە و رۆژی سێشەممەیش لە ئەنقەرە خۆپیشاندانێكی بەرفراوانی جەماوەری سازكرد.
هاوكات لە گەڵ دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكەی كەسك پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان سەرەڕای هەبوونی مۆڵەتی یاسایی بۆ خۆپیشاندان، داوایان لە خۆپیشاندەرەكان كرد كە بە خێرایی بڵاوبکەن و بە پێچەوانەوە خۆیان بەرپرسیار دەبن. دوای تێپەڕبوونی چەند خۆلەیەك لە سەر ئەم داواكارییەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكان، خۆپیشاندەرەكان لە جیاتی وازهێنان، درێژەیان بە خۆپیشاندانەكە دا. هەر بۆیە پۆلیسیش بە گازی بیبەر و گازی فرمێسك رێژ هێرشی دژی خۆپیشاندەرەكان دەستپێکرد و ژمارەیەك لە خۆپیشاندەرەكانیش بریندار بوون.




