٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

هێزە ئەمنییەكان مورشیدی ئیخوانیان دەستگیر كرد

سەرچاوە: KDP.info

میسر - kdp.info/ هێزە ئەمنییەكانی میسرلە پرۆسەیەكی سەربازییدا لە شاری نەسری باكووری رۆژهەڵاتی شاری قاهیرە محەمەد بەدیع مورشیدی ئیخوان موسلیمینیان لە ماڵەكەی خۆیدا دەستگیركرد . لەم بارەیەوە محەمەد ئیبراهیم وەزیری ناوخۆی میسر لە لێدوانێكدا رایگەیاند: بەدیع بە تۆمەتی كوشتنی خۆپیشاندەران لە كاتی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكان دژی ئیخوانییەكان دەستگیكراوە و لە ئێستاشدا لە ژێر لێكۆڵینەوەی وردی ئەمنی دادوەریی دایە و لە بیست و پێنجی ئەم مانگە دادگایی دەكرێت، وەزیری ناوخۆی میسر ئاماژەی بەوەشدا كە مورشیدی ئیخوان بە فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراوە. لەلایەكی دیكەوە رۆژنامەی ئەهرامی میسری بڵاوی كردەوە، لە كاتی جێبەجێ كردنی بڕیاری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لە قاهیرە رۆژنامەنووسێك بە گوللەی هێزە ئەمنییەكانی ئەو شارەوە كوژرا . رۆژنامەكە روونی كردەوە كە رۆژنامەنووسێك بە ئۆتۆمبێلەكەی ویستی لە خاڵی پشكنینی هێزە ئەمنییەكان هەڵبێت و لەو كاتەدا هێزە ئەمنییەكان تەقەیان لێكرد و كوژرا. لەلایەكی دیكەوە دوای ئەوەی تەرمی ئەو بیست و پێنج پۆلیسە لە نیمچە دورگەی سینا گەیشتنەوە شاری قاهیرە، لە مەراسیمێكدا تەرمەكانیان بە خاك سپێردرا كە رۆژی دووشەممە ئەو بیست و پێنج پۆلیسە لە ناوچەی نیمچە دورگەی سینا لە هێرشێكی چەكداریدا كوژران. لە كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانیشدا لەبارەی رەوشی میسر، ئەمەریكا كەمكردنەوەی هاوكارییە ئابووری و سەربازییەكانی بۆ میسر راگەیاند. لەم بارەیەوە جین ساكی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە لێدوانێكدا بە رۆژنامەی نیۆیۆرك تایمزی راگەیاند: وەزارەتی دەرەوە بە تەواوی ئەو هاوكارییە ئابووری و سەربازییانەی كەمكردەوە كە پێشكەشی میسری دەكرد بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆكاری كەمكردنەوەكە بكات. لەلایەكی دیكەوە بان كی مۆن سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگای بڵاوكردنەوەی بەیاننامەیەكەوە دڵگەرانی خۆی بەرامبەر كوشتنی ئەو بەندكراوە ئیخوانینە نیشان دا كە لە چەند رۆژی رابردوو لە كاتی هەڵاتنیاندا بە گوللەی هێزە ئەمنییەكانی میسر كوژران، لە بەیاننامەكەدا بان كی مۆن داوای كردووە بە وردی لێكۆڵینەوە لە چۆنیەتی و راستی ئەو رووداوەدا بكرێت. هاوكات بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵیش وا چاوەڕوانی دەكرێت، سبەی چوار شەممە یەكێتی ئەورووپا كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ تاوتوێ كردنی رووداوەكانی ناو میسر ساز بكات.

 

هەواڵی پەیوەندیدار