لە 15ی ئەیلول كۆنگرەی نەتەوەیی كورد ساز دەكرێت
هەولێر—kdp.info/ لیژنەی ئامادەكاری یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵا لە هەولێر ساز دا، لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەیاننامەیەك خوێنرایەوە كە لیژنەكە سەبارەت بە سازدانی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد دەریكردووە تێیدا هاتووە: پاش كۆبوونەوە فرەوانەكەی رۆژی بیست و دووی تەمووزی دوو هەزارو سێزدە كە لیژنەی ئامادەكاری یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد لێ كەوتەوە كە لە بیست و یەك ئەندام پێكدێت بە مەبەستی تەواوكردنی هەموو ئامادەكارییە پێویستەكانی سازدانی كۆنگرەكە. ئەم لیژنەیە لە نوێنەرانی گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە دەرەوەیش پێكهاتووە بەمەبەستی ئامادەكردن و رێكخستن و بەستنی یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەیی كورد. هەروەها بنەما هاوبەشەكانی كاری لیژنەكە خۆیان لە كۆمەڵێك پرەنسیپدا نواند كە روحیەتی كاری شەفاف و هاریكاری پشت بەستوو بە پرەنسیپی قایل كردن و زاڵ كردنی بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان بەسەر بەرژوەندی حزبایەتدا لەخۆ دەگرت بە شێوەیەك هاوسان بێت لەگەلأ تێكۆشانی بێ وێنەی گەلی كوردمان و مێژووی مەزنی و قوربانییە مەزنەكانی شەهێدە سەربڵندەكانی كوردستاندا. بێ گومان كورتی ماوەی رەخساو بۆ رێكخستنی كۆنگرەیەكی هەرێمی لەم جۆرە، بە ڕەچاوكردنی واقیع و ئاستی رێكخستنەكانی گەلی كوردمان لە هەر چوار پارچەی كوردستان و لە دەرەوەو پلەو پایەی رووداوێكی مێژوویی لەم جۆرە كە گەلەكەمان بەوپەڕی حەماسەتەوە پێشوازی لێ دەكات و وێڕای ئەم كۆسپانە و كۆسپی دیكەی رێكخستن، ئەوە زۆر ئەركمان تەواو كردووە و قۆناغێكی گرنگمان بڕی لە كۆتایی هێنان بە پرسگەلی وردی ڕێكخستن و بەوپەڕی تواناوە تێكۆشاین و لەسەر كۆششەكانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی كۆنگرەكە بە شێوەیەك ببەسترێت لە ئاستی هیواو ئاوای گەلی كوردماندا بێت بە هەموو پێكهاتەكانیەوە بە پیاوو ئافرەت و منداڵ و لاوو پیرەمێرد و كەرتەكانی لە كۆمەڵگەی مەدەنی و لایەن و كەسایەتی سیاسی جۆراوجۆرەوە.
هاوكات لیژنەی ئامادەكاری چەند بڕیارێكی دەركردووە بریتی لە:
ـ یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەی كورد لە رۆژانی پازدە و شازدەو حەڤدەی ئەیلولی دوو هەزارو سێزدە و بە بەشداری شەش سەد ئەندام و سێ سەد میوان واتە بە تێكڕای ئامادەبوونی نۆسەد كەس دەبەسترێت.
ـ ژمارەی ئەندامانی كۆنگرەكە شەش سەد كەس دەبن و بەسەر هەر چوار پارچەی كوردستان و دەرەوەدا دابەش دەبن بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی هەر چوار پارچەكە، رێژەكەیش بەم شێوەیە دیاری كراوە: لە سەددا دە بۆ رێكخراوەكانی لاوان و لە سەددا دە بۆ كەسایەتییەكان و لە سەددا سی و پێنج بۆ رێكخراوە ناحكوومییەكان و لە سەددا چل و پێنج بۆ پارتە سیاسییەكان بە مەرجێك لە سەددا چلی كۆی ئەندامانی بەشداربوو بۆ ئافرەتان تەرخان بكرێت. بڕیاریشە هەر چوار پارچەی كوردستان ئەندامەكانیان بە پێی ئەو رێژەیە دەستنیشان بكەن.
چالاكییەكانی لیژنەكانی ئامادەكاری لە چوارچێوەی هەشت لیژنەی لاوەكیدا بەڕێوە دەچن كە ئەمانەن:
یەكەم: لیژنەی پرەنسیپەكان و سترایژیەتی دۆزینەوەی چارەسەری دیموكراسیانە بۆ گەلی كورد.
دووەم: لیژنەی سیاسی و دیپلۆماسی.
سێیەم: لیژنەی كۆمەڵگەی ئازاد و دیموكراسی كە (لیژنەی ئافرەت و لیژنەی لاوان و لیژنەی منداڵان و رێكخراوە مەدەنییەكان) لەخۆدەگرێت.
چوارەم: لیژنەی كەلەپوورو زمان و هونەرو ڕۆشنبیری.
پێنجەم: لیژنەی ئابووری و ژینگە.
شەشەم: لیژنەی بەرگری لەخۆكردن (برینداران، كەم ئەندامان، بەندكراوانی سیاسی، كەسوكاری ئەنفالكراو و شەهیدان).
حەوتەم: لیژنەی سیاسەتی راگەیاندن.
هەشتەم: لیژنەی دیزانی جێبەجێكردنی كۆنگرەكە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا ئاماژە بەو كراوە كە هیواكانی رۆڵەكانی گەلی كوردمان خۆیان لە چەند داواكاری و داخوازییەكی رەواو یاساییدا دەنوێنێت كە یاساو كۆمەڵی نێودەڵەتی ددانیان پێدا دەنێت وەك مافی سیاسی هەموو گەلانی جیهان، ئەویش رزگاربوونە لە ستەم و قوتاربوونە لە ستەمی مێژوویی و دەستكەوتنی مافەكانی بەسەربەرزی گوزەران كردن و ددان نان بە ناسنامەیاندا بە شێوەیەك ئەوانیش وەك هەموو گەلەكانی دیكە بە ئازادی بژین.
هەروەها دەڵێت گەلی كورد بە هیچ شێوەیەك هەڕەشە دژ بە هیچ هێزیك یان هیچ دەوڵەتێك پێكناهێنێت، هەروەها یەكگرتنی گەلی كورد مانای شەڕ و ململانێ ناگەیەنێت بەڵكو بەپێچەوانەوە، یەكبوونی گەلی كورد دەبێتە ڕێڕەوێك بۆ داڕشتن و خێرارتركردن و كاراكردنی چارەسەری دیموكراسی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پاش خوێندنەوەی بەیاننامەكە رۆژنامەنووسان پرسیارەكانی خۆیان ئاراستەی ئەندامانی لیژنەكە كرد كە بە راشكاوی وەڵامیان دانەوە.




