وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد

ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی 8ـی 2013 بە بۆنەی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد مەراسیمێك لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵڵای شاری هەولێر بەڕێوەچوو و تێیدا وتاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لایەن شێخ محەمەد شاكەلی ڕاوێژكاری سەرۆك بارزانی بۆ كاروباری ئایینی خوێندرایەوە. ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەكەیە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
برای بەڕێزم كاك دكتۆر عەلی قەرەداغی سەرۆكی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد
ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و لقەكانی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد
ئامادەبووانی هێژا
خوشك و برا بەڕێزەكانم
بە ناوی خۆم و گەلی كوردستان پیرۆزبایی یادی بیست و پێنج ساڵەی دامەزراندنی ڕابیتەی ئیسلامیی كوردتان لێ دەكەم.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ڕابیتەی ئیسلامیی كورد هەوڵی داوە لە ڕێگەی چالاكیی خێرخوازانەوە پەیوەندی و هاوكاریی لەنێوان گەلی كوردستان و گەلانی موسڵمان و كەسایەتی و ناوەندە هزری و خێرخوازییەكانی ناوچەكە و جیهانی ئیسلامی و عەرەبی دروست بكات كە لەسەر بنەماكانی پەیامی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستانەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام دامەزراوە و ئەوە خۆی لە خۆیدا بابەتێكی ئیجابی و گونجاوە و پێویستە ئەو جۆرە پەیوەندییە گەشەی پێ بدرێت و بخرێتە خزمەت قەرەبۆكردنەوەی ئەو زوڵم و ستەمانەی دەرهەق گەلی كوردستان كراوە.
ئەو ئەركەی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد خستوویەتییە سەر شانی خۆی هەم ئەركێكی پیرۆزە و هەمیش كارێكی مەدەنی و سەردەمیانەیە. یارمەتیدانی خەڵك و ئەو گەلانەی گیرۆدەی ژێردەستی و ستەمكارین و هەروەها و كاری خێرخوازی و گەشەپێدانی هۆشیاریی كۆمەڵایەتی و دروستكردنی گیانی تەبایی و مرۆڤدۆستی بە بێ گوێدانە ڕەگەز و نەژاد و ئایین لە لایەن ڕێكخراوێكی كوردییەوە هەڵسوكەوتێكی مرۆڤانە و ئایینپارێزە و، هۆكارێكیشە بۆ ئەوەی بتوانرێ وێنەی حەقیقی و ئاشتیخوازانەی كورد پێشانی دەرەوە بدرێت و پێگەی كوردستانیش لە وڵاتانی موسڵمان و عەرەبی بەرزتر بكات. پێویستە ڕابیتەی ئیسلامیی كورد هاوشان لەگەڵ ڕێكخراو و دامەزراوەكانی دیكەی كوردستان ببێتە پردێك بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەت و پێكەوەژیان و ئاشتیخوازیی كورد بۆ خەڵكی بە وێژدان و چاكەخوازی وڵاتانی ناوچەكەمان و بەشدار بێت لە دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ و شارستانی لەنێوان گەلی كورد و گەلانی موسڵمانی جیهان.
بەڕێزان
ئێستاكە ناوچەكەمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی لە بارودۆخێكی دژواردا دەژیت. گۆڕانكاری و ڕووداوەكانی ئەم دواییەی وڵاتانی مسر و سووریا مایەی نیگەرانییە. بە تایبەت ئەو كوشتن و بڕینەی لەو وڵاتانە و شوێنەكانی دی ڕوو دەدات. پێویستە ڕێز لە خواستی خەڵك بگیرێت و دیالۆگ و پێكەوەژیان جێگەی شەڕ و كوشتن و نكۆڵیكاری بگرێتەوە. هەر بەو بۆنەیەوە حەز دەكەم ئاماژەیەكیش بە نەهامەتیی و ئاوارەیی خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوای كوردستان بكەم. ئەو ئازیزانە قوربانیی ستەم و نكۆلیكاریی عەقڵییەتی شۆڤێنی و توندڕۆیین و لە دۆخێكی زۆر دژواردا دەژیین و ئەركێكی نەتەوەیی و ئینسانی و ئایینییە بە هەموو توانایەكمانەوە یارمەتییان بدەین و لە ئێش و ئازارەكانیان كەم بكەینەوە. ئەو چاوەڕوانیەمان لە برایانی ڕابیتەی ئیسلامیی كورد هەیە هەموو ئیمكانیەت و پەیوەندییەكانیان بەكار بهێنن بۆ ئەوەی بە هاوكاریی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان یارمەتیی خوشك و براكانمان لە ڕۆژئاوا و ئەوانەی لە كەمپەكانی هەرێمی كوردستاندا نیشتەجێن بدەن.
لە خودای مەزن و بێ هاوتا داواكارم پاداشی زەحمەت و خێرخوازییەكانتان بدات و هیوادارم لە ئەرك و كارەكانتاندا سەركەوتوو بن. بەو هیوایەی هەژاری و ئاوارەیی و نەهامەتی لە وڵاتەكەماندا نەمێنێت و تەبایی و برایەتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر نیشتیمانەكەمان و هەموو مرۆڤایەتیدا بكێشێت.




