گروپی ئاڵای کوردستان: یەکگرتوو و کۆمەڵ سوکایەتیان بەئاڵای کوردستان کردووە، پێویستە داوای لێبوردن بکەن
ھەولێر -تایبەت بەKDP.info/ بەرپرسی گروپی ئاڵای کوردستان ئۆفیسی ھەولێر ئاشکرایکرد، یەکگرتوی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی لە خۆپێشاندنەکەی چەند رۆژی رابردوو بۆ پشتگیرکردن لە ئیخوان موسلمین سوکایەتیان بە ئاڵای کوردستان کردووە، بۆیە ئەگەر تا چەند رۆژێکی دیکە داوای لێبوردن نەکەن سکاڵای یاسایی لەسەریان تۆمار دەکەین.
ھێمن ئەحمەد بەرپرسی گروپی ئاڵای کوردستان ئۆفیسی ھەولێر بەkdp.infoرایگەیاند: لەحەڤدەی ئەم مانگە یەکگرتووی ئیسلامی وکۆمەلی ئیسلامی گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم پارکی شانەدەر لە شاری ھەولێر سازکرد، بەمەبەستی نارەزای دەربرین لەبارەی بارودۆخی میسر وپشتگیرکردن لە ئیخوانەکان ، بەڵام لایەنگرانی ئەو دوو حزبە ھەلسان بە لەکەدارکردن و سوکایەتی کردن بە ئاڵای کوردستان، ئەوە بوو کە لەشوێنکدا خۆرەکەی سەر ئاڵایان لادابوو و وشەی میسر لەسەر ئاڵای کوردستان دانرابوو و دواتر وێنەی مورسی لەسەر ئاڵای کوردستان بینرا کە بەڵگەی زۆر روونمان لایە.
ھێمن ئەحمەد گوتیشی: ئەم کارەش بە بەرچاوی خەڵکی کوردستان وکەس وکاری شەھیدان ئاڵای کوردستان شێوێنرا کە ئاڵای کوردستان ئاڵای نەتەوەیەکە، بۆیە پێویستە ھەموو خەڵکی کوردستان بەدەنگ بێت و ئێمەش وەک گروپی ئاڵای کوردستان داوامانکردووە پێویستە ھەردوو حزبی ئیسلامی داوای لێبوردن لەخەڵکی کوردستان و کەس و کاری شەھیدان بکەن، ئەگەر نا لەچەند رۆژی داھاتوو رێو شوێنی یاسایی دەگرینە بەر و سکاڵا لەدژی ئەو دوو حزبە تۆمار دەکەین .
ئەحمەد رونیشیکردهوە، ئێمە وەکو گروپی ئاڵا ھەڵوێستی توندتریشمان دەبێت و بەھیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین سوکایەتی بەئاڵای کوردستان بکرێت.




