بەرەی ئەلنوسرا و عەرەبەكان دەست بە سەر ماڵ و مڵكی كوردەکانی رۆژئاوادا دەگرن

سەرێ كانی- KDP.info/ هاوكات لە گەڵ بەردەوام بوونی هێرشەكانی بەرەی تیرۆریستی ئەلنوسرا و چەندین گروپی چەكداری دیكە بۆ سەر هاووڵاتییانی رۆژئاوای كوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەكی یەكجار زۆر لە كوردانی رۆژئاوا ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێ هێشتووە و روویان لە باشووری كوردستان كردووە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دیموكرات خەبەر بڵاویكردەوە كە لە گەڵ بەردەوامی هێرشەكانی بەرەی ئەلنوسرا و گروپە چەندارە ئیسلامییە توندڕەوەكانی دیكە بۆ سەر كوردانی رۆژئاوای كوردستان، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیكەی 25 هەزار هاووڵاتی كورد رۆژئاوایان بەجێ هێشتووە و روویان لە باشووری كوردستان كردووە و بەرەی ئەلنوسرا و گروپە توندڕەوەكانی دیكەیش ئەم هەڵەیان بە دەرفەت زانیوە و دەستیان بە سەر ماڵ و مڵكی كوردەکانی رۆژئاوادا گرتووە و هۆزە عەرەبەكانیان لە شوێنی كوردەکاندا نیشتەجێ كردووە.
سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە كە تەنیا لە قامیشلو، حەسەكێ و كۆبانێدا زیاتر لە 200 ماڵی هاووڵاتییە كوردەكان لە لایەن بەرەی ئەلنوسرا و هۆزە عەرەبەكانەوە داگیركراون و مەزەندە دەكرێت كە لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەیەكی یەكجار زۆری دیكە لە خانووی هاووڵاتییە كوردەكان لە لایەن بەرەی ئەلنوسرا و هۆزە عەرەبەكانەوە داگیر بكرێن.




