سەلاحەدین دەمیرتاش: شوێنی ئۆجەلان دەگۆڕدرێت

ئەنقەرە /KDP.info - هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش دوای سەردانی هەفتەی رابردووی خۆی بۆ لای ئوجەلان لە دووڕگەی ئیمراڵی رایگەیاند كە پێویستە لەم قۆناغەدا گۆڕانكاری لە بارودۆخی ئۆجەلاندا بكرێت و دەرفەتی پێبدرێت كە لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا پەیوەندی ساز بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردەوە كە هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی ( بەدەپە) سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاندووە كە حكوومەتی توركیا سەرقاڵی ئامادەكاری بۆ گۆڕینی شوێنی ئۆجەلانە و رەنگە ژوورەكەی ئۆجەلان لە دووڕگەی ئیمراڵیدا بگۆڕدرێت.
هەر لەمبارەیەوە جێگری سەرۆك وەزیری توركیا بەكر بۆزداغ دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی توركیا رایگەیاند كە هیچ جۆرە بەرنامە و هەوڵدانێكی حكوومەتی توركیا بۆ گۆڕینی شوێنی ئۆجەلان نییە، چونكە شوێنی ئۆجەلان لە لایەن دادگاوە دەستنیشان كراوە و تەنیا دادگا بۆی هەیە كە شوێنی ئۆجەلان بگۆڕێت.




