كۆمیتەی عەقڵمەندان: پاكێجی نوێی دیموكراتیزاسیون وەڵامی داواكارییەكان ناداتەوە

ئەنقەرە- KDP.info/ دوابەدوای لێدوانەكانی بەرپرسانی حكوومەتی توركیا سەبارەت بە ناوەرۆكی پاكێجی نوێ دیموكراتیزاسیون و چارەسەر كردنی پرسی كورد، كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیایش نارەزایەتی خۆی لە بەرابمەر ئەم پاكێجە دەربڕی و رایگەیاند كە ئەم پاكێجە ناتوانێت وەڵامی داواكارییەكان بداتەوە.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی زاپ خەبەر بڵاویكردەوە كە كۆمیتەی عەقڵمەندانی توركیا كە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و دیموكراتیزە كردنی توركیا لە لایەن حكوومەتەوە دامەزرابوو، لە بەرامبەر ناوەرۆكی پاكێجی نوێ دیموكراتیزاسیونی توركیا نارازییە و بە هۆی هەڵوێست و لێدوانەكانیشەوە لە سەرۆك وەزیری توركیا تووڕەیە.
لەمبارەیەوە هەر یەك لە میتحات سانجار، ئوزتورك توركدوغان و زۆبەیدە تەكەر لە سەر ناوی كۆمیتەی عەقڵمەندان لە لێدوانێكدا رایانگەیاندووە كە سەرەڕای بەردەوام كردنی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزە كردنی توركیا بەڵام حكوومەت بۆ وەڵام دانەوەی داواكارییەكانی رای گشتی هیچ هەنگاوێكی سەرەكی نەناوە و سەرۆك وەزیری توركیایش بە هەڵوێست و لێدوانەكانی خۆی لە بەرامبەر قۆناخی چارەسەری خزمەتی ئەم قۆناخە ناكات.




