شوێنە گەشتیارییەكانی سۆران گرنگیان پێ دەدرێت و نۆژەن دەكرێنەوە
سۆران- KDP.info/ لە كۆی 7 ملیار دینار، 3 ملیارو 300 ملیۆن دینار بۆ خۆشكردنی شوێنە گەشت و گوزارییەكان و دانی قەرزی گەشتیاری بە هاووڵاتیان بەر سنووری قەزاكانی سۆران كەوتووەو تا ئێستایش 35 هاووڵاتی داوای قەرزی گەشتیاریان كردووە.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بارزان محەمەد بۆ kdp.infoگوتی: دوای ئەوەی بڕیار درا قەرزی گەشتیاری بە هاووڵاتیان بدرێت، حكومەتی هەرێم و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ سنووری پارێزگای هەولێر 7 ملیار دیناری دابین كردووە، لەو بڕە پارەیەیش 3 ملیار و 300 ملیۆن دینار بەر سنووری قەزاكانی سۆران كەوتووە، لەوانە سۆران و ڕواندز ملیارێك و 900 ملیۆن دینار، مێرگەسۆر 600 ملیۆن دینار، چۆمان 800 ملیۆن دینار، هەروەها تا ئێستا لە سنووری سۆران 35 كەس داوای قەرزی گەشتیاریان كردووە، لە ماوەی داهاتووش قەرز بە چەند كەسێكی دیكە دەدرێت".
دوای ئەوەی ماستەر پلان بۆ شوێنە گەشتوگوزارییەكانی كوردستان كرا، كە 400 شوێن داخیلی ماستەر پلان كران، لەو ڕێژەیە 100 شوێنی گەشتیاری لە سنووری هەرچوار قەزاكانی سۆران كەوتوونە ناو ماستەرپلانەكەو بە سێ قۆناغ ئەو شوێنە گەشتیارانە چاك دەكرێن و پەڕەیان پێ دەدرێت.
لەمبارەیەشەوە بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی: "لە سایەی حكومەتی هەرێم سات لە دوای سات ئاستی گەشتیاری لە سنووری قەزاكانی سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان، ڕواندز پێشكەوتن بەخۆیەوە دەبینێت، ئێستا تەنها لە سۆران هۆتێلێكی گەشتیاری و لە ڕواندز هەواری پاركی ڕواندز وەك شوێنی مانەوەی گەشتیاران لای ئێمە تۆماركراون، بەڵام خۆشبەختانە بە دەیان هۆتێل و مۆتێل لە سۆران و لە ڕواندز گوندی گەشتیاری دروست دەكرێن كە شوێنی حەوانەوەی سەدان گەشتیاری هەیە، دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی گەشت وگوزاری سۆران بڕیارمانداوە بۆ ساڵی داهاتوو نابێت ئەو كەپرانەی ئێستا لە شوێنە گەشتیارەكان هەنە بمێنن، هەروەها چێشتخانەیەك لە سۆران و یەك لە بیخاڵ دروست دەكرێن و هەروەها كۆمەڵێك هۆتێل و مۆتێلی گەشتیاری لە سۆران و ڕواندز لە قۆناغی جێبەجێ كردن دانە، ئۆمێدەوارین ئەوانەی سەرمایەدارن بێنە پێشەوەو گرنگی بە كەرتی گەشتیاری بدەن. خۆشبەختانە 100 شوێنی گەشتیاری لە سنووری هەرچوار قەزاكانی سۆران كەوتوونە ناو ماستەرپلانەكەو بە سێ قۆناغ ئەو شوێنە گەشتیارانە چاك دەكرێن و پەرەیان پێ دەدرێت. لەلایەكی دیكەوە بەمەبەستی شارەزابوون لەو ماوەیەدا خولی ڕاهێنان بۆ كارمەندانی گەشتیاری دەكرێتەوە، كە مامۆستای باشیان بۆ دەگیرێت، بۆ ئەوەی بتوانین بە جوانترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران بكەین".




