٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کۆمسیۆن داوای دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵا پێشنیاری کرد ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت و لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ھەرێم  ئەنجامبدرێت، بۆئەوەی کێشەی تۆماری دەنگدەران چارەسەر بکەین.

تارق جەوھەر راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکی پەرلەمان رایگەیاند: ئەمڕۆ د.ئەرسەلان بایز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ‌و د.حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆک ‌و فرسەت ئەحمەد سکرتێری پەرلەمان، لە تەلاری پەرلەمان لەگەڵ وەفدی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەسەرۆکایەتی سەربەست مستەفا سەرۆکی کۆمسیۆن ‌و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمسیۆنی باڵا کۆبۆوە بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان ‌و ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

تارق جەوھەر گوتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان روونیکردەوە پێداچوونەوە بە تۆماری ناوی دەنگدەران ‌و چارەسەرکردنی کەموکوڕی ‌و کێشەکانی کە لەلایەن لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی تایبەت بە خستنەڕووی راستییەکان تەئکیدی لەسەر کراوەتەوە ‌و پێویستیی بەوە ھەیە کە ماوەیەکی زیاتر بە کۆمسیۆن بدرێت بۆئەوەی ئەرکەکانی لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی تۆماری ناوی دەنگدەران ئەنجام بدات، بۆ ئەمەش سەرۆکی کۆمسیۆن پێشنیازی کرد ھەڵبژاردنی پەرلەمان بۆ 21/11/2013دوا بخرێت ‌و ھاوکات لەگەڵ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئەنجام بدرێت.

جەوھەر رونیشیکرده‌وە،سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوەی بەناوی سەرۆکایەتیی پەرلەمان تەئکیدی لەسەر پەلەکردن لە چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی تۆماری ناوی دەنگدەران کردەوە، ھاوکات رایگەیاند ئێمە وەک سەرۆکایەتی پێمان باشە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 21/9ئەنجام بدرێت.

ناوبراو راشیگەیاند: پەرلەمان بە تەنیا ناتوانێ بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدات ‌و پێویستە کۆمسیۆن ئەو مەسەلەیە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرۆکایەتیی ھەرێم ‌و سەرۆکایەتیی حکوومەت ‌و لایەنە سیاسییەکان کە نوێنەریان لەناو پەرلەماندا ھەیە تاوتوێ بکات، ھەر کاتێکیش ئەو لایەنانە گەیشتنە ھەڵوێستێکی یەکگرتوو ئەو کاتە پەرلەمان بە یاسا ھەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەو مەسەلەیە رادەگەیەنێ.

هەواڵی پەیوەندیدار