لە پارێزگا سوننەنشینەكانی عێراق لە پێكهێنانی هەرێمی سەربەخۆ دەكۆڵدرێتەوە

بهغدا– KDP.info/ چەند ئەندامێك لە لیژنەكانی هاریكاریی شەش پارێزگەی عێراق دووپاتیان كردەوە كە نوێنەرانی خۆپیشاندەرانی ئەو پارێزگایانە رۆژی سێ شەممەی داهاتوو كۆنگرەیەك دەبەستن بۆ ئەوەی لە پێكهێنانی بەرەیەكی سونی سیاسی یەكگرتوو بكۆڵنەوە، جگە لە پێشنیازكردنی بژاردەی هەرێم لەسەر ئاستی پارێزگەكان نەك لەسەر ئاستی هەرێمێكی سونی. لەو بارەوە محەمەد حەمدوون گوتەبێژ بە ناوی ئەو لیژنانە بۆ رۆژنامەی حەیاتی روون كردەوە كە كۆنگرەكە لەو پرۆسە سەربازیانە دەكۆڵێتەوە كە هەنووكە لە دەوروبەری پشتێنەی بەغدا بەردەوامەو دەستگیركردنی سەدان كەسی سونی لێ كەوتووەتەوە. گوتیشی كۆنگرەكە هەڵویستی ئەو سیاسەتوانانە تاوتوێ دەكات سەر بەو پارێزگایانەن كە خۆپشیاندانیان تێدا سازدەكرێت سەبارەت بە هەنەگاوەكانی ئەم دواییەی حكوومەت و داوایان لێ دەكات دەست و برد بكەن بۆ ئەوەی ئەو هەڵمەتی لەناوبردنانە كۆتایی پێ بهێنرێن. لای خۆیەوە شێخ ناجح میزان رێكخەری خۆپیشاندەرانی سامەڕا رایگەیاند كە چەند پێشنیازێكی جیا جیا لەبارەی پێكهێنانی هەرێمەوە هەیە لەوانە هەندێك داوای یەك هەرێمی سونی دەكەن و هەندێكی دیكە داوا دەكەن هەر پارێزگەیەك ببێتە هەرێمێكی سەربەخۆ بۆ خۆی. گوتیشی بیرۆكەی یەك هەرێمی سونی زۆردژوارە بێتە دی و بۆچوونی نوێی گۆڕەپانەكانی مانگرتن ئەوەیە ئەو پارێزگایانە بكرێنە هەرێمی سەربەخۆ.




