بەردەوامی هاتنی پەنابەرانی رۆژئاوا و بەهاناوەچونیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە

كوردستان - KDP.info/ ئەمڕۆ هاتنی ژمارەیەكی زۆری دیكەی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە خاڵی سنوری پێشابوور بەردەوام بوو و سەرچاوە پەیوەندیدارەكانیش لە خاڵی سنووری پێشابوور رایانگەیاند كە لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا زیاتر لە بیست و پێنج هەزار پەنابەری كوردی خۆرئاوای كوردستان لە رێگەی دەروازی پیشابورەوە هاتوونەتە ناوخاكی هەرێمی كوردستانەوە، لەگەڵ گەیشتنیشیان چەندین ئۆتۆمبێل دابینكران بۆ گواستنەوەیان بۆ ناو كەمپەكان . هەروەها هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش بە بەمەبەستی بەهاناوەچونیان لە پێشوازی پەنابەران دابون. هەروەها لە شاری دهۆك هاووڵاتییان و سەرمایەداران و خێرخوازان وەك ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی، هاوكاری بۆ ئەو هاووڵاتییانەی رۆژئاوای كوردستان دابین دەكەن كە ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە .
لەلایەن خۆیەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش بەردەوامن بۆ حەواندنەوەیان و بۆ ئەم مەبەستەش كەمپێكی دیكە لە ناحییەی بەحركەی سەر بە شاری هەولێر كرایەوە.هاوكات هێزەكانی فەرماندەیی زێرەڤانی بەردەوامن لە بەهاناوە چوونی پەنابەران و پاراستنی ناوەوە و دەرەوەی كەمپی كەورگۆسك لە ئەستۆی هێزەكانی زێرەڤانیە و هەروەها جگە لە بەكارخستنی تەواوی ئامێرە خزمەت گوزارییەكان و لە لای خۆشیەوە هەر یەك لە پارێزگای هەولێر و رێكخراوی یو ئێن ئێچ سی ئاڕ خزمەتگوزاریان پێشكەش بە كەمپەكە كردووە. جێگەی باسكردنە زیاتر لە سێزدە هەزار كەس لە كوردانی رۆژئاوا هاتوونەتە پارێزگای هەولێر و لە كەمپی كەورگۆسك نیشتەجێكراون و ژمارەكانیش لە زیادبوون دان.




