٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پەیامێك لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە هاتنی ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیی كوردی ڕۆژئاوا بۆ هەرێمی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان

وەك هەموو لایەك ئاگادارن لە چەند مانگی پێشوودا و هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی ڕاپەڕینی سووریاوە دەیان هەزار لە خوشك و برا كوردەكانی ڕۆژئاوا هاتوونەتە هەرێمی كوردستان و لە كەمپەكاندا نیشتەجێ بوونە. بە داخەوە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییش وەك پێویست ئاوڕی لەو پەنابەرانە نەداوەتەوە كە پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوویشدا بەهۆی ئەو گرفتانەی لە ڕۆژئاوای كوردستاندا هەن ژمارەیەكی زۆری كوردی ڕۆژئاوای كوردستان ڕوویان كردووەتە هەرێمی كوردستان. لێرەدا دەمەوێت سپاس و دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم بكەم بۆ وەرگرتنی پەنابەران و یارمەتیدانیان و گواستنەوەیان بۆ ناو هەرێمی كوردستان. لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا هاتنی ئەو ژمارە زۆرەی خوشك و برای كوردمان لە ڕۆژئاوا بابەتێكی هەستیارە و ئێمە نامانەوێ ڕۆژئاوا چۆل بكرێت و كوردی تێدا نەمێنێت. مانەوەی كورد لە ڕۆژئاوا پێویستە بۆ ئەوەی داوا و مافە نەتەوەییەكانی نەكەونە ژێر مەترسییەوە.

وەك ئەركێكی نەتەوەیی و مرۆڤانە دەبێ هەموو لایەكمان بەپیر ئەو خەمە بڕۆین و داوا لەو كەس و لایەنانەی كە توانایان هەیە و هەروەها داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم كە هاوكاری حكوومەتی هەرێم بن لە یارمەتیدان و نیشتەجێكردنی ئەو خوشك و برا ئازیزانە كە لەبەر ستەم و كاولكاری پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە. داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێكخراوە جیهانییە مرۆڤدۆستەكانیش دەكەم كە لە یارمەتیدان و بەهاناچوونی پەنابەراندا هاوكارمان بن چونكە حەواندنەوە و دابینكردنی پێداویستیی ژیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر بارێكی قورسە لەسەر شانی هەرێم و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش كار بە ئەرك و پابەندبوونەكانی خۆی لەمەڕ پەنابەران بكات.

مسعود بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

18ـی 8ـی 2013

 

هەواڵی پەیوەندیدار