لەدانیشتنی ئەمرۆیدا پەرلەمانى عێراق لەسەر داواى كورد پڕۆژەیاسای گەیاندن و زانیارى دواخست

ئەندامێكی لیستی هاوپەیمانیی كوردستان ئاشكراى كرد لە دانیشتنى ژمارەى 3ى وەرزی یەكەمی ساڵی سێیەمى ئەنجوومەنی نوێنەرانى عێراق دەنگی لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك درا و لەسەر داواى پەرلەمەنتارانى كوردیش دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای گەیاندن و زانیارى دواخرا.
د.سەعید رەسوول خۆشناو ئەندامی لیستی هاوپەیمانی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاكانیوزى راگەیاندووە: لە دانیشتنی ئەمڕۆپێنج شەممەی پەرلەمانی عێراق كە بەئامادەبوونى 288 پەرلەمانتار بەڕێوە چوو دەنگ لەسەر رەزامەندیی بنچینەیی لەسەر هەردوو پڕۆژەیاسای وەزارەتى گواستنەوە و رێكخستنى بەكرێدانى زەویوزارى كشتوكاڵی درا.
خۆشناو گوتیشى: هەروەها پەرلەمان دەنگى لەسەر پڕۆژەیاساكانى ئیمزاكردنى عێراق لەسەر رێككەوتننامەى رێكخراوى هاریكاریی ئیسلامى، هەمواركردنى دووەمى یاساى رێككارى فەرمانبەران دا، پڕۆژەیاسای ئیمزاكردنى عێراق لەسەر پرۆتۆكۆلی نموونەیی زیادكراوى سیستمى بیمەى كشتگیریی ئاژانسی ناودەوڵەتی وزەی ناوكەیی، دا.
ئاشكراشى كرد كە بڕیاربوو ئەمڕۆ پەرلەمان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای گەیاندن و زانیارییەكان بدا، بەڵام بەهۆى هەبوونى تێبینی لەلایەن پەلەمانتاراە كوردەكانەوە دەنگدانەكە دواخرا.
لەبارەى تێبنی كورد لەسەر پڕۆژەیاساكە د.سەعید خۆشناو رایگەیاند: دانانى چاودێریی و نەبوونى ئازادییەكان لە گەیاندن و چەند شتی تر هەبوون كە كورد بەلایەوە خراپ بوو.




