٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌رله‌مانی كوردستان: بودجه‌ى ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵانى پێشوو زۆرترین گفتوگۆى له‌سه‌ركراوه‌

سەرچاوە: KDP.info

تارق جه‌وهه‌ر راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بودجه‌ى ئه‌مساڵ له‌چاو ساڵانى پێشوو زۆرترین گفتوگۆى له‌سه‌ركراوه‌ كه‌  14 دانیشتنى بۆ ته‌رخانكرا.

گوتیشی: زیاتر له‌104 ئه‌ندام له‌سه‌رجه‌م فڕاكسیۆن و پێكهاته‌ جیاوازه‌كان ره‌خنه‌ و تێبینى وپیشنیازى خۆیان خسته‌ڕوو.

راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شی راگەیاند: كە سه‌رجه‌ دانیشتن و گفتوگۆكان له‌كه‌ناڵى ئاسمانى په‌رله‌مان په‌خشكرا، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى كوردستان له‌ورده‌كاریه‌كانى بودجه‌ى هه‌رێم ئاگاداربن.

له‌به‌شێكى دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا تارق جه‌وهه‌ر رایگه‌یاند: بودجە به‌زووترین كات ده‌كه‌وێته‌ بوارى جێبه‌جیكردن، ئه‌مه‌ش كاریگه‌رى ئیجابى ده‌كاته‌ سه‌ر جولانه‌وه‌ وبوژاندنه‌وه‌ى بازاڕ وپڕۆژه‌كان كه‌رتى تایبه‌ت وكه‌رتى گشتى له‌بوارى ئاوه‌دانى و وه‌به‌رهێنان.

لەوبارەیەشەوە راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژەی بەوەشدا كە له‌رۆژانى داهاتوو حكومه‌ت ده‌ستده‌كات به‌سه‌رفكردنى قه‌رزى خانووبه‌ره‌ كه‌ ئه‌مساڵ بۆ گونده‌كان قه‌رزى خانووبه‌ره‌  بۆ25 ملیۆن  دینار زیادكراوه‌، هه‌روه‌ها قه‌رزى هاوسه‌رگیرى و قه‌رزى كشتوكاڵى وپیشه‌سازى به‌رده‌وام ده‌بێت، له‌گه‌ڵ سه‌رفكردنى زیادبوونى موچه‌ى شه‌هیدانى هاوڵاتى له‌180 هه‌زار بۆ 250 هه‌زار دینار، له‌گه‌ڵ جێبه‌جێكردنى بڕیارى هاوتاكردن ویه‌كسانكردنى ده‌رماڵه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رانى عێراق. ته‌رخانكردنى 50 ملیار دینار بۆ پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزاریه‌كانى ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان. هه‌روه‌ها بودجه‌ى به‌رده‌وامبوونى به‌رنامه‌ى تواناسازى بۆ خوێندكاران تێدایه‌ وقه‌رزى بچوك وبۆلاوان وگه‌نجانیش به‌رده‌وام ده‌بێت .

راوێژكاری راگه‌یاندنی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان راشیگه‌یاند: ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى كه‌ له‌پله‌كانى 9-10 بڕى 480 هه‌زار دیناریان بۆ سه‌رف ده‌كرێت، هه‌روه‌ها ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى  موچه‌ى خانه‌نشینیان 400 هه‌زار دینارو كه‌متره‌ بڕى 600 هه‌زار دیناریان  بۆ سه‌رف ده‌كرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار