میسر..لە توندوتیژییەكانی دوێنێ دا 100 كەس كوژراون

میسر - KDP.info/ وەزارەتی ناوخۆی میسر لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردووەتەوە، لە كاتی شەڕو پێكدادانەكانی دوێنێی ئەو وڵاتە هێزە ئەمنییەكان هەزارو چوار كەسی لەلایەنگرانی ئیخوانییەكان دەستگیر كردووە و هەروەها پتر لە سەد كەسی دیكەش كوژراون، دوێنێ لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین خۆپیشاندانێكیان لە زۆربەی شارەكانی میسر لە ژێر ناوی هەینی توڕە ئەنجام دا بەڵام دواتر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە خۆپیشاندانەكان پۆچەڵ كرانەوە. لەلایەكی دیكەوە ئیخوان موسلیمین وەك بانگەشەیەك بۆ درێژەدان بە خۆپیشاندانی ناڕەزاییی بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و لەو بەیاننامەیەدا داوای لە گشت لایەنگرانی خۆی لە سەرتاپای میسر كرد كە بۆ ماوەی یەك هەفتە بێنە سەر شەقامەكان و درێژە بە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانیان دژی هێزە ئەمنییەكان بدەن. بۆیە بە گوێرەی سەرچاوەكانی هەواڵی ناوخۆی میسر، پێشبینی دەكرێت ئەمرۆ میسر خۆپیشاندانی ناڕەزایی لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین بە خۆوە ببینێت، بەڵام ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بۆ كرد، كە بۆ رێگاگرتن لە لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین بۆ ئەوەی خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانیان ئەنجام نەدان، تەواوی هێزە ئەمنییەكانی میسر لە دەورووبەری مزگەوت و شەقامەكاندا بڵاوەیان پێكراوە. لەلایەكی دیگەوە لەو لە كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانیش هەر دوو رێكخراوی لێبوردنی گشتی و بەرگری مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی لە دوو بەیاننامەی جیادا داوایان كرد، كە بە پەلە لێكۆڵینەوەیەكی وردی و گشتگیری و بابەتیانە لە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی میسر بكرێت و هەروەها داوایان لە دەسەڵاتدارانی میسریش كرد كە بە پەلە دەستگیركراوەكان ئازاد بكەن كە لە كاتی خۆپیشاندانەكان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیر كراون. هاوكات یەكێتی ئەورووپا نیگەرانی خۆی لە بارەی رەوشی ئێستای ناوخۆی میسر نیشان دا و رایگەیاند: كە لە ناو ئەم هەفتەیەدا دانیشتنێكی تایبەت لە بۆ تاوتوێ كردنی رووداوەكانی ناوخۆی میسر ساز دەكات. لەلایەكی دیكەوەی سەرۆكایەتی فەرەنسا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە، كە هەر یەك لە فرانسۆا هۆلاند سەرۆكی ئەو وڵاتە و ئەنگێلا مێرگڵ راوێژكاری ئەڵمانیا داوایان كردووە لە سەر ئاستی ئەورووپا قەیرانی ناوخۆی میسر بە خێرا تاوتوێ بكرێت و هەروەها داواشیان لە لایەنە سیاسیەكانی میسر كردووە كە بە پەلە تووندوتیژییەكانی ناوخۆی وڵاتەكەیان رابگرن.




