ئەحمەد داوود ئوغڵۆ: نابێت جەهەپە سەردانی عێراق بكات

ئەنقەرە- KDP.info/ دوای ئەوەی بریار بوو لە بیستی ئەم مانگەدا لە سەر دەعوەتی رەسمی سەرۆك وەزیری عێراق نووری مالێكی سەرۆكی جەهەپە و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی ئەم پارتە سەردانی عێراق بكەن، دوێنێ وەزیری دەرەوەی توركیا ئەحمەد داوود ئوغڵۆ رایگەیاند كە نابێت وەفدی جەهەپە سەردانی عێراق بكات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی خەبەری كوردی بڵاویكردووەتەوە كە بریار بوو لە رێكەوتی 20ی ئەم مانگەدا وەفدێكی جەهەپە بە سەرۆكایەتی كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ لە سەر دەعوەتی نووری مالێكی سەردانی بەغدا و كەركووك و نەجەف بكات، بەڵام وەزیری دەرەوەی توركیا ئاماژە بەوە دەكات كە ئەم سەردانە زۆر مەترسیدارە بۆیە پێویستە جەهەپە ئەم سەردانەی خۆی دوا بخات.
وەزیری دەرەوەی توركیا جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە لە رووی ئەمنییەوە بارودۆخی عێراق باش نییە و ئەوان وەكو وەزارەتی دەرەوەی توركیا ناتوانن لە بارودۆخێكی بەمجۆرەدا بەرپرسیاریەتی ئەم سەردانە بگرنە ئەستۆی خۆیان.
لە بەرامبەر ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی توركیا، جێگری سەرۆكی گشتی جەهەپە گۆرسەل تەكین رادەگەینێت كە چی دەبێت با بێت جەهەپە لە سەر بەرپرسیاریەتی خۆی ئەم سەردانە پێك دێنێت.




