٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی شەستوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان

سەرچاوە: KDP.info

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی شەستوحەفتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاڕاستەی كادر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و هەموو گەلی كوردستان دەكەم. دامەزراندنی پارتی لە 1946ـدا زەڕوورەتێكی مێژوویی بوو بۆ درێژەپێدانی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كورد لەو ساتەوەختە ناخۆشانەی كە دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بە هەموو هێز و توانایەكیانەوە هەوڵی كپكردنی شۆڕش و سەرهەڵدانی گەلی كوردیان دەدا.

دامەزراندنی پارتی ئاواتی دوژمنانی لە گۆڕ نا و ئەو پەیامەی بە نەیارانی گەلی كوردستان گەیاند كە گەلی كوردستان خاوەنی ئیرادەیەكی بەهێزە بۆ بەردەوامبوون لە ئازادیخوازی و خەباتی بێوچاندا. دامەزراندنی پارتی ئەزموونێكی كەموێنە لە مێژووی سیاسیی گەلی كورد بوو. چونكە پارتی بەرهەمی یەكدەنگیی پێشمەرگە و خەباتگێڕ و ڕۆشنبیر و سیاسی و هاووڵاتیی و گشت پێكهاتەكانی كۆمەڵگەی كوردستانی بوو.

پارتی هیچ كات لە سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نەكرایەوە و توانی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی مێژووی سیاسیی گەلی كورد كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو بەرپا بكات و لە هەموو قۆناغەكانی ژیانی سیاسیی كوردستان هەتا قۆناغی ڕزگاری و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان ڕۆڵێكی سەرەكی و یەكلاییكەرەوەی هەبووە. دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان بۆ پارچەكانی دیكەی كوردستانیش مایەی ئومێد و بەردەوامبوون لە شۆڕش و خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی كورد بوو. پارتیی دیموكراتی كوردستان خۆی بە هیچ ئایدیۆلۆژییایەكی بەرتەسك و هزری شۆڤێنی و توندڕۆیی نەبەستەوە و بووە چەترێك بۆ ئەوەی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی كوردستان لەژێریدا كۆببنەوە و ئەوە خۆی لە خۆیدا دەستكەوتێكی بێوێنە و سەردەمیانە بوو لە پێشكەوتنی هزری سیاسی لە كوردستاندا. پارتی هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی بووە و بەردەوامیش ئامادە بووە بۆ بەرگریكردن لە كورد و كوردستان.

پارتی هیچ كات لە سنوورێكی جیۆگرافی و هزریی دیاریكراودا كورت نەكرایەوە و توانی بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەورەترین شۆڕشی مێژووی سیاسیی گەلی كورد كە شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو بەرپا بكات


خەڵكی خۆشەویستی كوردستان

ئێستا لە سەردەمێكدا دەژیین كە لەهەموو كاتێك زیاتر گەلەكەمان هیوای بە دواڕۆژێكی گەش و پڕئومێد هەیە و بۆ یەكەمین جارە لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بەنیازی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردن بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیخوازی بۆ گەلانی ناوچەكە بنێرن. بۆیەشە لەهەموو كاتێكیش زیاتر پێویستیمان بە یەكدەنگی و یەكڕیزی و تەبایی و هەڵسوكەوتی كوردپەروەرانە و نیشتیمانی و سەردەمیانە هەیە. بە پێویستی دەزانم لەم یادە شكۆدارەدا داوا لە گشت ئەندام و لایەنگر و سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بكەم بە هەموو هێز و توانایەكیان یارمەتیی پاراستنی برایەتیی و هاودەنگیی نەتەوەیی كوردستانیان بدەن و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەسەرووی بەرژەوەندییە بەرتەسكەكانی حزبی و سیاسی دابنێن. لە یادی 16ـی ئابدا داواتان لێ دەكەم هەموومان بۆ ئەو بەها و ئامانجانە بگەڕێینەوە كە پارتی لەپێناویدا دامەرزرا كە ئەویش ئازادی و ئاشتی و دیموكراسیخوازی بووە و كار بەو بەها و ئامانجانە بكەین و گەشەی پێ بدەین.

ئێستا لە سەردەمێكدا دەژیین كە لەهەموو كاتێك زیاتر گەلەكەمان هیوای بە دواڕۆژێكی گەش و پڕئومێد هەیە و بۆ یەكەمین جارە لایەنەكانی هەموو بەشەكانی كوردستان بەنیازی بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردن بۆ ئەوەی پەیامی ئاشتیخوازی بۆ گەلانی ناوچەكە بنێرن



لەو یادە پیرۆزە هەزاران سڵاو بۆ شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان و كەسوكاری شەهیدە سەربەرزەكانمان دەنێرم و، 16ـی ئاب لە گشت لایەك پیرۆز بێت.

بژی كورد بژی كوردستان

مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان

هەواڵی پەیوەندیدار