حوسێن ئایگۆن: دەستور بەبێ عەلەوی قەبوڵ ناكرێت

ئەنقەرە- kdp.info/ ناوەندی كلتووری عەلەوییەكان لە بەریتانیا رایگەیاند كە ئەوان وەكو عەلەوییەكانی توركیا پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا و هەوڵدانەكانی ئامادەكردنی دەستوری نوێ توركیا دەكەن.
ماڵپەڕی تی ئار تی توركی بڵاویكردەوە كە ناوەندی كلتووری عەلەوییەكان لە بەریتانیا دوای كۆتایی هاتنی كەمپەینی كۆكردنەوەی 10 هەزار واژۆ، راگەیندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: ئەوان پشتگیری لە قۆناغی چارەسەری پرسی كورد و پرۆسەی دیموكراتیزەكردنی توركیا و هەوڵدانەكانی ئامادەكردنی دەستووری نوێ توركیا دەكەن.
هەر لەمبارەیەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانتاری دەرسیمی جەهەپە حوسێن ئایگۆنیش لە هۆڵی پەرلەماندا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە عەلەوییەكان تا ئەو كاتە پشتگیری لە هەوڵدانەكانی ئامادەكردنی دەستوری نوێ دەكەن، كە هەر هەموو مافەکانی عەلەوییەكان مسۆگەر بكات. بەڵام ئەگەر ئەم دەستورە مافی عەلەوییەكان مسۆگەر نەكات، ئەوا عەلەوییەكانی توركیا دەستورێكی بەمجۆرە قەبوڵ ناكەن.




