ئەردۆغان: موسایەك هەر دێت و فیرعەونەكان لە ناو دەبات

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەر لە سەردانەکەی بۆ توركمەنستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی رووداوەكانی ئەم دوایەی میسری كرد و رایگەیاند كە موسایەك هەر دێت و فیرعەونەكان لە ناو دەبات.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی دونیا بوولتەنی توركی بڵاویكردەوە كە سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەیب ئەردوغان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە كە بارودۆخی ئێستەی میسر زۆر ئاڵۆز و مەترسیدارە و خەڵكی میسر دوای 70 ساڵ لە دیكتاتۆریەت رزگاری بوو و ساڵێك لەمەوبەر سیستەمێكی دیموكراتیكی بۆ خۆی هەڵبژارد، بەڵام بەداخەوە كە بە هاوكاری و پاڵپشتی چەندین وڵاتی مسڵمان كودەتایەك لە سەر خەڵكی میسر كرا و میسرییەكان دووبارە كەوتنەوە ژێر دەسەڵاتی دیكتاتورەكانەوە.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردۆتەوە كە توركیا چ وەكو حكوومەت و چ وەكو خەڵك پاڵپشتی لە خەڵكی میسر دەكات و پێویستە هەر كەس ئەوە بزانێت، كە سەردەمی فیرعەونەكان نەماوە و رۆژێك هەر دێت كە موسایەكی دیكە هەڵسێت و فیرعەونەكان لە ناو ببات.




