تاوەكو ئێستا وادەی دەستپێكردنی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری نەكراوە

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەوهۆیەی تاوەكو ئێستا ئەنجوومەنی كۆمسیاران رەزامەندی لەسەر ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەرنەبڕیوە، بۆیە تاوەكو ئێستا وادەی دەستپێكردنی هەڵمەتی پروپاگەندەی ئەو هەڵبژاردنە دیار نییەو ئەوەی لەوبارەیەوە دەگوترێت راست نییە.
عەبدولرەحمان خەلیفە بەپرسی پەیوەندیە جەماوەریەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لەلێدوانێكیدا بۆkdp.infoگوتی: وەكو هەموو هەڵبژاردنەكانی تر هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردنەكان لەلایەن قەوارە سیاسییەكان كاتێك رێگەی پێدەدرێت و رادەگەیەنرێت كە سەرجەم قۆناغەكانی تۆماركردنی ناوی قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكانیان و هاوپەیمانیەتییەكان و قۆناغی رەزامەندی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لەسەر ناوی كاندیدەكان ئەنجام درابێت، بۆیە ئێستا چاوەڕوانی وەڵامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران دەكرێت، سەبارەت بە رەزامەندی لەسەر ناوی كاندیدانی قەوارە سیاسییەكان ئینجا دواتر رۆژێك بۆ دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان دیاردەكرێت.
ناوبراو گوتیشی: ئێستا ناتوانرێت هیچ پێشبینیەك بۆ وادەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان رابگەیەنرێت، چونكە ئەو وادەیە پەیوەستە بە تەوابوونی قۆناغەكانی تری ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە هەفتەی ئایندە رەزامەندی لەسەر ناوی كاندیدەكان لەلایەن ئەنجوومەنی كۆمسیارانەوە رابگەیەنرێت.




