د.کاوە ئازیزی :پەیەدە شاندی ھەرێمی ئاگادار کردۆتەوە کە رێگا نادەن سەردانی رۆژ ئاوا بکەن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا دەڵێت: بڕیاربوو ئەمڕۆ شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی رۆژ ئاوای کوردستان بکەن، بەڵام پەیەدە ئەوانی ئاگادارکردۆتەوە کە رێگا نادەن ئەو شاندە سەردانەکەیان ئەنجام بدەن.
د.کاوە ئازیزی ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کورد لە سوریا بەKDP.infoراگەیاند: بڕیاربوو شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی رۆژ ئاوای کوردستان بکات، بەڵام پەیەدە ئاگاداری کردوونەتەوە کە رێگا نادەن ئەو سەردانە ئەنجام بدەن، بۆیە شاندەکە لەھەولێرە و سەردانەکەی ئەنجام نەدا.
د.کاوە ئازیزی گوتیشی: پەیەدە بە شاندەکەی گوتووە کە لە قامشلۆ ھیچ کێشەیەک نییە و رێگاش نییە بۆ ئەوەی سەردانی عفرین وکوبانێ بکەن، کە ئەمەش ھەڵوێستێکی کوردانە نییە.
ئازیزی رونیشیکردەوە، کاری ئەم شاندە لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکانە کە پەیەدە زولم لەخەڵک دەکات، بەڵام ئەوان رێگا نادەن بۆ ئەوەی راستییەکان ئاشکرا نەبن.
ناوبراو راشیگەیاند: پەیەدە ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان ھێنابوو بۆ سەر سنور کە ئەمەش بۆ ئیستیفزازکردنە وھیچی تر نییە، بەڵام حکوومەتی ھەرێم رێگای پێدان و بێنە ھەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆشییەوە غەفور مەخموری ئەندامی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی بە KDP.infoراگەیاند: لیژنەیەکی لیکۆڵینەوە بۆ رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان پێکھاتووە، بەڵام بڕیاردرا لە بەر رەوشی ئەمنی نەکاتی سەردان و نەکاتی گەڕانەوە و نە پێکھاتەی شاندەکە بەھیچ شێوەیەک ئاشکرا نەکەین.




