مەزارێك بۆ شەهیدانی كەركووك لە ناوچەی تۆبزاوا دروست دەکرێت

کەرکووک – KDP.info / وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا مەزارێك بۆ شەهیدانی كەركووك لە ناوچەی تۆبزاوا دروست بكات بە ئاراستەی هێشتنەوەی ئەو ناوچانەی وەك هێمای تاوانكاریی رژێمی بەعسی لەناوچوو هەژمار دەكرێن. بەڕێوەبەری گشتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوانی سلێمانی لە لێدوانێكی دا راگەیاند دوای هەوڵو كۆششێكی زۆر وەزارەتی كاروباری شەهیدانو ئەنفالكراوان توانیویەتی زەوییەك لەتۆبزاوا وەربگرێت كە لەسەردەمی رژێمی بەعسی لەناوچودا ئەنفالكراوانی تێدا كۆكراوەتەوەو لەوێوە كەسوكاری ئەنفال لەیەكتر جیاكراوەنەتەوە. بەهادین محەمەد ئەوەشی خستەروو : كە بەپێی پلانێكی وەزارەتەكەیان مەزارێك بۆ شەهیدانی كەركوك لەو ناوچەیە دروستدەكەن بڕیاریشە وەك یەكەم هەنگاو روفاتی ئەو 80 ژنو منداڵە كە لەناو گۆڕێكی بەكۆمەڵ لەناوچەی تۆبزاوا دۆزراونەوە لەو مەزارەدا بەخاك بسپێردرێن.




