گیراوێكی سیاسی كورد دوای شەش ساڵ بە كەفالەت ئازاد كرا
سنە- KDP.info/ چالاكڤانی سیاسی كورد ئەنوەر حوسێن پەناهی دوای شەش ساڵ زیندان رۆژی دوو شەممە لە لایەن دادوەرەوە بە دانانی بارمەتە ( كەفالەت) ئازاد كراوە.
لەم بارەیەوە ئاژانسی كوردپا بڵاویكردەوە كە چالاك سیاسی كورد ئەنوەر حوسێن پەناهی كە 6 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستگیر كرابوو، پاش تێپەڕاندنی 5 ساڵ و 9 مانگ سزاكەی لە لایەن دادوەرەوە بە دانانی بارمەتە ئازاد كراوە.
ئەنوەر حوسێن پەناهی دانیشتووی شاری قروەی رۆژهەڵاتی كوردستانە و لە ساڵی 1386ی كۆچیدا لە لایەن هێزەكانی ئیتلاعاتەوە دەستگیر و دوای 6 مانگ مانەوەی لە ژوورە تاكەكەسییەكانی ئیتلاعاتدا روانەی دادگای كۆماری شاری سنە كراوە و بە بریاری دادگای ژمارە دووی كۆمار لە سنە بە تاوانی محاربە ( دژایەتی كردنی خودا) و تێكدانی ئەمنی قەومی ئێران بە 6 ساڵ زیندان مەحكووم كرابوو.




