كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستان لە دیاربەكر دامەزرا

دیاربەكر- KDP.info/ بۆ یەكەمینجار لە شاری دیاربەكری باكووری كوردستاندا كۆمەڵەیەكی سەربەخۆ بە ناوی كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كوردستان بە سازدانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی دامەزراندنی خۆی راگەیاند.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی دیاربەكرخەبەر بڵاویكردەوە كە بۆ یەكەمنیجار لە باكووری كوردستان كۆمەڵەیەكی سەربەخۆی تایبەت بە جوانان بە ناوی كۆمەڵەی تەڤگەری جوانانی كورد لە شاری دیاربەكر دامەزرا و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیشدا سەرۆكی ئەم كۆمەڵەیە سەرحەد ماردینی ئاماژەی بە هۆكاری و ئارمانجی دامەزراندنی ئەم كۆمەڵەیە كردووە.
سەرحەد ماردینی جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم كۆمەڵەیە هیچ پەیوەندییەكی بە پارت و لایەنە سیاسییەكانەوە نییە و كۆمەڵەیەكە كە لە لایەن جوانانەوە دامەزراوە و بیر و ژیان و رێبازی مەلا مستەفا بارزانی نەمریشیان كردووەتە بنەمای كار و چالاكییەكانی خۆیان.
جێگری سەرۆكی ئەم كۆمەڵەیە روگەر چاگەریش ئاماژەی بەوە كردووە كە كۆمەڵەكەیان خاوەن چەندین هێڵی سوورە كە بریتین لە زمان، وڵات، خاك، ئاڵا. ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە هەوڵ دەدەن كۆمەڵگەی كوردی لە بەرامبەر هەڵخەڵەتاندن و دەستاودەست كردن هۆشیار بكەنەوە.




