بەهۆی زنجیرەیەك تەقینەوە 74 كەس كوژران

عێراق – KDP.INFO/ ئێوارەی رۆژی شەممە لە شارۆچكەی خورماتوو بە هۆی كردەوەیەكی تیرۆریستی دە كەس كوژران و پەنجا و سێ كەسی دیكەش بریندار بوون . لە كەركووكیش تەقینەوەیەك كوژراوێك و چوار برینداری لێكەوتەوە . لەو بارەیەوە پەیامنێرمان پێیی راگەیاندین كردەوەیەكی تیرۆریستی لە رێگەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراوە و لە یەكێك لە گەرەكەكانی شارۆچكەی خورماتوو، كە تیرۆریستێكی خۆكوژ لێیدەخوڕی، روویداوە و بەو هۆیەشەوە و بە گوێرەی دوا ئامارەكان دە كەس كوژراون و پەنجا و سێ كەسی دیكەش برینداار بوون .
لە كەركووكیش بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو لە گەڕەكی خەزرا لە نزیك حوسەینیەكی شیعەكان كەسێك كوژرا و چواری دیكەش بریندار بوون . لە لایەكی دیكەشەوە لە بەغدا زنجیرەیەك تەقینەوە روویاندا و بە هۆیانەوە و بە گوێرەی ئامارەكان زیاتر لە نەوەد و هەشت كەس كوژراون و سەد و شەست و پێنج كەسی دیكەش بریندار بوون . لە بەغدا رایگەیاند كە هەشت تەقینەوە لە ناوچەكانی، شەعب، بەغدا جەدیدە، شوعلە، كازمیە، بەیاع، ئەبوچیر، حەی عامر و ناوچەی نەهرەوان روویانداوە كە زۆربەیان لە رێگەی ئۆتۆمبیلی بۆمبرێژكراوەوە بوون و دوا ئامارەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كە بە هۆی ئەو تەقینەوانە، زیاتر لە نەوەد و هەشت كەس كوژراون و سەد و شەست و پێنج كەسی دیكەش بریندار بوون . لە لایەكی دیكەشەوە هەر بە هۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبیلێكی بۆمبڕێژكراو لە كەربەلا پێنج كەس كوژراون و یازدەی دیكەش بریندار بوون . لە ناسریەش سێ ئۆتۆمبیل تەقیونەتەوە و بە پێی ئامارەكانیش چوار كەس كوژراون و بیست و یەك كەسی دیكەش بریندار بوون . بەیانی ئەمرۆش بە هۆی دوو تەقینەوە لە پارێزگای بابل لانیكەم سێ كەس كوژران و چواردەی دیكەش بریندار بوون. بە گوێرەی سەرچاوەكان، بەیانی ئەمڕۆ بە هۆی تەقینەوەیەكی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو لە ناوچەی ئەزرەق لە باكووری پارێزگای بابل حەوت كەس بریندار بوون . سەرچاوەیەكی ئەمنیش رایگەیاند ئۆتۆمبێلە بۆمبرێژكراوەكە مزگەوتی ئیمام حەسەنی لە ناوچەی ئەزرەق كردە ئامانج كە حەوت كەس بە هۆیەوە بریندار بوون، هەروەها لە سەر رێگای ناوچەی جەرف سەخەر لە باكووری پارێزگای بابل بۆمبێكی چێنراو بە هێزێكی ئەمنیدا تەقییەوە و بە هۆیەوە سێ كەس كوژران و شەشی دیكەش بریندار بوون .




