سەرچاوەیەکی پارتی: توانرا چارەسەری رووداوەکەی دهۆک بکرێت، هەردوو خانەوادەش بەیەکەوە پرسە دادەنێن

دهۆک - تایبەت بە KDP.info/ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان پێی راگەیاندن ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لەئەنجامی رووداوێکی نەخوازراو و دڵتەزێندا لە شاری دهۆک سێ هاووڵاتی بوونە قوربانی، بەڵام توانرا بە کۆششی پارتیمان و دڵسۆزی هەردوو خانەوادە و ریش سپی و پیاو ماقولانی دهۆک و لایەنە بەرپرسەکان کۆنترۆل وەزعەکە بکرێت و کۆتایشی بەو کێشەیە بهێنرێت.
سەرچاوە تایبەتییەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بۆ ماڵپەڕی فەرمی KDP.info رایگەیاند: ئەمڕۆ دوای نیوەڕۆ لە ئەنجامی رووداوێکی نەخوازراو و دڵتەزێندا سێ هاووڵاتی لە شاری دهۆک بوونە قوربانی، کە یەکێکیان برای بەرێز تەمەر کۆچەر پارێزگاری دهۆکە. بەڵام هەر زوو پارتیمان و پیاو ماقول و ریش سپی و لایەنە بەرپرسەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم پارێزگایە توانیان کۆنترۆلی بارودۆخەکە بکەن و کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن، کە لەبنەڕەتدا کێشەیەکی نەخوازراو و لەناکاو بوو. بۆیە ئەم دوو بنەماڵە بەرێزەی کە لە رووداوەکەدا خەڵکیان بووە قوربانی، دڵسۆزانە و لەبەر رێزگرتنی بەرژەوەندی گشتی و لە پێناو پێشگرتن لە تەشەنەکردنی کێشەکە ئامادەبوون کۆتایی بەم کێشەیە بهێنن و بڕیاریان دا بۆ چارەسەری رووداوەکە و رێگەگرتن لە فوو کردن لە ئاگرەکە، پرسەی هەر سێ قوربانییەکە بە یەکەوە و بە هاوبەشی دابنرێت. ئەمەش بەلگەی ئەو پەری نیازپاکی و دڵسۆزی هەردوو خانەوادەکە دەگەیەنێت.
سەرچاوەکە گوتیشی: توانیمان خۆشبەختانە رێگە لە تەشەنەکردن و فرەبوونی کێشەکە بگرین و هەروەها دەستبەجێ و بەخێرایی هەردوو خانەوادەکە بگەینینە رێککەوتن و بنبڕکردنی کێشەکە. بۆیە وێڕای رێزگرتن لە برینی قوڵی ئەم رووداوە دڵتەزێن و لە ناکاوەدا، دڵسۆزی هەردوو خانەوادەکەش بۆ چارەسەری کێشەکە بەرز دەنرخێنین، لەهەمان گاڤیشدا سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی خانەوادەی خوالێخواشبووان دەکەین و هیوادارین ئەمە دوا ناخۆشی و کارەساتی ئەم دوو خانەوادە بەرێزە بێت. خوالێخواشبووانیش جێگەیان بەهەشت بێت.




