سریلانكا جەخت لەسەر كردنەوەی نوێنەرایەتی خۆی لە كوردستان دەكاتەوە

هەولێر- KDP.info/ لە یەكەمین سەردانی دیپلۆماتكارێكی سریلانكی بۆ هەرێمی كوردستان دوای دووبارە كردنەوەی باڵیۆزخانەیان لە بەغدا، ئەمڕۆ سیۆمیت ناكاندلا باڵیۆزی سریلانكا لە عیراق سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوەی كردو لەلایەن فەلاح مستەفا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەت پێشوازی لێكرا.
لە دیدارێكدا كە خاتوو سوهام جەبەلی یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، فەلاح مستەفا وێڕای بەخێرهێنانی باڵیۆز، تیشكی خستە سەر قۆناغەكانی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی جیاواز لە بەشەكانی دیكەی عیراقدا دەژی و ئەو سەقامگیریەی لە هەرێمدا هەیە وایكردوە وڵاتان پەرۆشی دروستكردن و فراوانكردنی پەیوەندیەكانیان بن لەگەڵ هەرێم. هەروا گووتی ئێستا 27 وڵات نوێنەرایەتیان لە هەرێمی كوردستان هەیە و حكومەتی هەرێمیش 14 نوێنەرایەتی لە دەرەوەی وڵات هەیە .
باڵیۆزی سریلانكا سوپاسی بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوەی حكومەتی كرد و ئاماژەی بەوە دا ئەمە یەكەمین سەردانیەتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و خۆشحاڵی خۆی بە پێشكەوتنی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان نیشاندا و دووپاتیكردەوە ئەو زانیاری زۆری لەبارەی كوردستانەوە هەبوو، بەڕێزیان گووتی كاردەكەین بۆ ئەوەی سریلانكا نوێنەرایەتی خۆی لە هەرێمی كوردستان بكاتەوە.
هەر لەم دیدارەدا بەرپرسی پەیوەندیەكانی دەرەوە جەختی لەسەر پاڵپشتی حكومەتی هەرێمی بۆ كەرتی تایبەت كردەوە و نیشانیدا هەرێم هێشتا لە سەرەتای رێگایە و پێویستی بە هاوبەشی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەیە ئاماژەی بەوەشدا پەیوەندیەكانی هەرێم لە رووی وەبەرهێنانەوە لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە بەتایبەتی وڵاتانی هەرێمی لە ئاستێكی باشدایە و هیواشی خواست پەیوەندیەكانیان لەگەڵ سریلانكا تەنها لە ئاستی سیاسی نەبێت بەڵكو بواری دیكەش بگرێتە خۆ.
هەردوولا باسیان لەو بوارانە كرد كە دەكرێ ببێتە هەوێنی دەسپێكردنی قۆناغێكی تازە لە پەیوەندیەكان وەكوو نەخشەڕێگای هاوكاری نێوان هەردوولا.
شیاوی گوتنە سریلانكا لە ساڵی 2003 بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری ئەوكاتی عیراق باڵیۆزخانەی لە عیراق داخست و لە ساڵی 2012 جارێكی دیكە باڵیۆزخانەكەی كردەوە.




