سێرگی لاڤرۆڤ؛ سەدان کوردی خۆرئاوای کوردستان بە دەستی بەرەی نوسرە و قاعیدە کوژراون

روسیا –KDP.info / وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند تا ئێستا سەدان کوردی خۆرئاوای کوردستان بە دەستی تاقمە تێرۆریستییەکانی وەک بەرەی نوسرە و قاعیدە کوژراون و جەختیشیکردەوە لەوەی دەبێت ھەوڵەکان بۆ دەرکردنی ئەو تاقمانە یەک بخرێن. ئاژانسی (روسیا الیوم ) لەسەر زاری سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا بڵاویکردەوە: رەوشی ئێستەی سوریا بەهاتنی گرووپە چەکدارەکان توندرەوەی ئیسلامی هاوشیوەی بەرەی نوسرە وای کردووە، مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی تێرۆر لە سوریادا زۆر پێویست بێت و پێویستە ھەوڵەکان بۆ دەرکردنی تاقمە تێرۆریستییەکان لەو وڵاتەشدا لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە یەک بخرێت. وەزیری دەرەوەی روسیا باسی لەو پەلامارە تێرۆریستییانەش کرد کە لەلایەن بەرەی نوسرەو تاقمی قاعیدەوە دەکرێنە سەر کوردانی خۆرئاوای کوردستان و رایگەیاند کە ٤٥٠ کوردی مەدەنی بەدەستی بەرەی نوسرە کوژراون کە نزیکەی ١٠٠ کەسیان منداڵ بوون. بەپێویستیشزانی کە کورد بەشداری لە دووەمین کۆنگرەی ژنێڤدا بکات کە بڕیارە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا ببەسترێت.




