لە چوار قەزای سەر بەپاریزگای سلێمانی 37 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تۆماركراوە

شارەزوور– KDP.info / لە ماوەی مانگی تەمموزی ئەمساڵدا لە سنووری قەزاكانی هەڵەبجە سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور 37 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تۆماركراوە. بەگوێرەی ئامارێكی نووسینگەی شارەزوور بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان كەوێنەیەكی دەستKDP.info كەوتووە، هاتووە، لە ماوەی مانگی رابردوودا لە هەرچوار قەزاكانی "هەڵەبجە، سەیدسادق، پێنجوێن، شارەزوور" 37 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان تۆمار كراوە. ئامارەكەی نووسینگەی شارەزوور بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان هەروەها هاتووە: لەو 37 حاڵەته 34 حاڵەتیان لە جۆری سكاڵا بوونە و 3 حاڵەتیان سوتان بووە، 8 دۆسیەیان داخراون و 28 دۆسیەیان لێكۆڵینەوە تێیاندا بەردەوامە و دۆسیەكانیان رەوانەی دادگا كراون. پێشتریش بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە لەماوەی مانگی رەمەزاندا دیاردەی توندو تیژی دژ بەئافرەتان کەمبۆتەوە.




