حه‌یده‌ر مولا: دۆسیه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی مالكی ته‌واو بووه و هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌درێته په‌رله‌مان

گوته‌بێژی لیستی عێراقیه رایدەگه‌ێنێت هه‌فته‌ی داهاتوو داواكاری لێپرسینه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت، واشی بۆده‌چن كه نوری مالكی له ترسی كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی له دژی، جه‌ساره‌تی ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانی نه‌بێت.
حه‌یده‌ر مولا گوته‌بێژی لیستی عێراقیه ئەمرۆچوارشەممە 27/6/2012 رایگه‌یاند: دۆسیه‌ی لێپرسینه‌وه‌ی مالكی ته‌واو بووه، هه‌فته‌ی داهاتوو پێشكه‌ش به سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌كرێت.
گوتیشی: ئه‌و كاته‌ی چاو به قه‌باره‌ی پیشێلكارییه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ك به‌رپرسی راسته‌وخۆی جیبه‌جێكردن له حكومه‌ت و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان ده‌خشێنیت، ئاوا دێته پێش چاو كه سه‌رجه‌م جه‌ماوه‌ر خوازیاری سه‌ندنه‌وه‌ی متمانه‌یه له مالكی.
گوته‌بێژی لیستی عێراقیه ئاماژەی بەوەشدا ئه‌و كاته‌ی مالكی پێش لێپرسینه‌وه له خۆی هیرشه‌كانی بۆ سه‌ر په‌رله‌مان ده‌ستپێكرد، ئه‌وه ده‌رده‌خات كه ئاماده‌بوونی مالكی مانای ده‌رخستنی پێشێلكاریه یاسایی و ده‌ستورییه‌كان بۆ گه‌لی عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، كه ئه‌نجامی داوه، جه‌ساره‌تی ئه‌وه‌ش ناكات له په‌رله‌مان ئاماده‌بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ترسی هه‌یه، دۆسیه‌ی له دژی بكرێته‌وه.
جه‌ختی لەوەشكرده‌وه‌كە ده‌ستور و یاسا سه‌رۆك وه‌زیران پابه‌ند ده‌كه‌ن، بۆ لێپرسینه‌وه ئاماده‌ی په‌رله‌مان بێت، ده‌سه‌ڵاتداریشه به‌سه‌ریدا، نه‌هاتنیشی هۆكارێكی دیكه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی لێبه‌سنرێته‌وه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی تازه‌ی ره‌وتی سه‌در گوته‌بێژی لیستی عێراقیه گوتی: هه‌ڵویستی ره‌وتی سه‌در گۆڕانكاری به‌سه‌ردا نه‌هاتووه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تا ئیستاش داوای چاكسازییه سیاسییه‌كان ده‌كه‌ن، لیستی عێراقیه لێدوانی ره‌وتی سه‌در بۆ ئاماده‌نه‌بوونیان له پرۆسه‌ی لێپرسینه‌وه، داواكارانی لێپرسینه‌وه به‌هێز ده‌كه‌ن، نه‌وه‌ك گۆڕانكاری له هه‌ڵوێستیان، هه‌روه‌ك هه‌ندێك وای بۆ ده‌چن.




