نێچیرڤان بارزانی بەدوای كەیسی هەژدە كچەكه دا دەچێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 7ی ئابی 2013، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا لیژنەیەكی تایبەت پێك بێت؛ بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەكاندا و بەدواداچوون لە كەیسی هەژدە كچە ئەنفالكراوەكەی كە وا هاتووە لە شاڵاوی ئەنفالەكاندا درابنە ووڵاتی میسر. هەر بۆ ئەم مەبەستەش سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆكی لیژنەكه مەلا یاسین ڕەئووف ڕەسوول؛ سەرپەرشتیاری نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە میسر كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە هەر یەك لە وەزیرانی داد و كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ڕێكخەری پەیوەندیەكانی پەرلەمان و حكوومەت؛ ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە ئەم پرسە پرسێكی نیشتماییە و حكوومەت بە هەموو شێوەیەك بەدواداچوون بۆ ئەم كەیسە دەكات و هەموو كەناڵەكانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕاستیی مەسەلەكە دەخاتە گەڕ، هەموو پێداویستییەكانیش بۆ گەڕان بەدوای ڕاستییەكاندا و بەدواداچوونی كەیسەكە دابین دەكات؛ بۆ ئەوەی ڕاستیی مەسەلەكە ڕوون ببێتەوە و بگەنە ئەنجامێكی ڕوون.
سەرۆك وەزیران هەروەها داوای لە لیژنەكە كرد ئەوپەڕی توانایان بخەنە گەڕ و هەموو ڕێكارە بەردەستەكان بگرنە بەر و لە میسر و لە عیراق و لە هەر شوێنێك كە پێویست بێت بە دوای مەسەلەكەدا بچن، بۆ ئەوەی لەم كەیسەدا بگەنە ئەنجامێكی كۆتایی و بە ڕاپۆرتێك دەرەنجامی گەڕانیان بە دوای ڕاستییەكان و بەدواداچوون و ڕاسپاردەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بكەن.
لیژنەكە لە نوێنەرێكی كەسوكاری هەژدە كچەكە و نوێنەرێكی ڕێكخراوە مەدەنیەكان و بەڕێوەبەرێكی گشتی و فەرمانبەرێكی یاسایی لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان پێك هاتووە و لەمڕۆوە دەستبەكار دەبێت.
دوای ئەم كۆبوونەوەیەش لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا سەرۆكی لیژنەكە و ڕێكخەری پەیوەندییەكانی حكوومەت و پەرلەمان، ڕایانگەیاند كە سەرۆكی حكوومەت زۆر بە جددی بەدوای ئەو كەیسەدا دەچێت و هەموو هەوڵێك دەدەرێت بۆ ئەوەی بەدوایدا بچین و بگەینە ئەنجامێكی لێبڕاوانە.




