وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بە مەرج بەشداریی كۆبوونەوەی نێودەولەتی لەبارەی سووریا دەكات

بەرپرسێكى باڵا لە وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریكا بە روسیا تودەى راگەیاند: هیلاری كلینتۆن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئامادەى كۆنگرەى نێودەولەتی لەبارەى سووریا نابێ كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە لە ژنێڤ ساز بكرێت تا هەموو بەشداربووانى كۆنگرەكە رازى نەبن لەسەر لادانى بەشار ئەسەد سەرۆكى سووریا لە دەسەلات.
گوتیشى: ئامانج لە سازدانى كۆنگرەكە گەیشتى لایەنەكانە بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێك بۆ تەنگژەى سووریا و بەرەوپێشبردنى دۆخى ئێستە كە هەنگاوى یەكەم گواستنەوەى دەسەڵاتە لەو وڵاتە.
هەروەها ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشدا كە ئەمەریكا چاوەڕێ دەكات لە رێگەى كۆفى ئەنان نێردراوى تایبەتى نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆربەندى عەرەبی، هەڵسەنگاندنێك بۆ هەڵوێستى بەشداربووانی كۆنگرەكە بكات لەبارەى پشتگیریكردنى پلانێكى ئاشكرا بۆ گواستنەوە دەسەڵات لە سووریا.
ناوبراو ئەوەشی خستە روو كە چاوەڕوان دەكرێت پێش كۆنگرەنێودەولەتیەكەى ژنێڤ هیلاری كلینتۆن و هاوشانە رووسیایییەكەى سێرگیۆ لاڤرۆڤ لە شاری پترسبۆرگ چاویان بەیەكتر بكەوێت و لە كۆبوونەوەیەكدا هەردوولا پرسى سووریا تاوتوێ بكەن.
ئەوەشى ئاشكراكرد كە هەڵوێستى ئەمەریكا و رووسیا لەبارەى تەنگژەى سووریا تا ئێستا جیاوازە و گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و جەختیشى لەوەكردەوە كە ئیدارەى ئەمەریكا لەبارەى هەڵوێستەكەى رووسیا نیگەران نییە كە دەڵێ گەلی سووریا دەبێ خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسى ئەسەد بدەن.




