بەهۆی زنجیرەیەك تەقینەوە 50 كەس كوژران و زیاتر لە 95 ی دیكەش بریندار بوون

بەغدا – KDP.info/ سەرچاوەیەكی پۆلیس لە شاری بەغدا رایگەیاند كە لە ئاكامی زنجیرەیەك تەقینەوەدا كە شەوی رابردوو چەند ناوچەیەكی جیاجیای بەغدای گرتەوە، سی كوژراوو نەوەت و پێنج برینداری لێكەوتەوە . لە ناوچەی كەرادەی ناوەراستی بەغدا، ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو كە لە سەر رێگا لە نزیك گۆرەپانی حورییە وەستێندرابوو تەقییەوە بەهۆیەوە شەش هاوولاتی مەدەنی كوژران و سێزدەی دیكە بریندار بوون . بۆمبێكی چێنراویش لە سەر رێگای تاڵبییەی رۆژهەڵاتی بەغدا تەقییەوە بەهۆیەوە حەوت كەس بریندار بوون . لە ناوچەی مەعالف باشووری شاری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو كە لە سەر رێگا وەستێنرابوو تەقییەوە بەهۆیەوە حەوت كەس كوژران و چواردەی دیكە بریندار بوون . ناچەی نەهرەوانی باشووری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو و بۆمبێكی چێنراو یەك بە دوای یەك تەقیینەوە لە ئاكامدا هەشت كەس كوژران و چواردەی دیكە بریندار بوون . لە ناوچەی زەعفەرانییەی باشووری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو تەقییەوە بەهۆیەوە پێنج كەس كوژراو و دەی دیكەش بریندار بوون . لە سەر رێگەی ناوچەی دۆرەی باشووری بەغداش ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو و بۆمبێك تەقینەوە لە ئاكامدا سێ كەس كوژراو دوازدەی دیكە بریندار بوون . هەروەها لە سەر رێگای دادگای شەعب لە ناوچەی شەعب باكووری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو تەقییەوە بەهۆیەوە ژمارەیەك كوژراوو برینداری لێكەوتەوە . ناوچەی حوسەینییەش هەر لە باكووری شاری بەغدا ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو تەقییەوە و بەهۆیەوە پێنج كەس كوژراو سێزدەی دیكەش بریندار بوون . ئۆتۆمبێلێكی دیكە لە ناوچەی سەعالیبەی باكووری شاری بەغدا تەقییەوە بەهۆیەوە سێ كەس كوژراو و چواردەی دیكە بریندار بوون .




