ئاڵتان تان: با پەرلەمان ئەرگەنەكونی كوردیش ئاشكرا بكات

ئەنقەرە- KDP.info/ دوای ئەوەی كە رۆژی دوو شەممە دادگای باڵای سزای گرانی ژمارە 13ی ئەستەنبۆڵ پاش پێنج ساڵ بریاری كۆتایی خۆی سەبارەت بە دۆزی ئەرگەنەكون و تاوانبارانی ئەم دۆزە ئاشكرا كرد، پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان داوای لە پەرلەمانی توركیای كرد كە بۆ ئاشكرا كردنی ئەرگەنەكونی كوردیش دەست بە دامەزراندنی كۆمیتەیەكی تایبەتی بكات.
لەم بارەیەوە كاناڵی سی ئین ئین بڵاوی كردووەتەوە كە رۆژی سێ شەممە پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان داواكارییەكی پێشكەشی پەرلەمانی توركیا كردووە و داوای لە پەرلەمان كردووە كە بە مەبەستی ئاشكرا كردنی ئەرگەنەكونی كوردی كە لە ناوچەكانی باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵ بە ژیتەم ناسراوە كۆمیتەیەكی تایبەتی دابمەزرێنێت.
ناوبراو جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە زۆربەی جاران بەرپرسانی سیاسی توركیا ئاماژەیان بەوە داوە كە چەندین ئەندامی ئەرگەنەكون لە نێو بزافی سیاسی كوردیدا جێیان گرتووە و هێشتا هەر چالاكن، بۆیە بۆ ئاشكرا كردنی ئەرگەنەكونی كوردی و ئەو ئەندامانەی ئەرگەنەكون كە لە نێو بزافی كوردیدان داوا لە پەرلەمان دەكەم كە كۆمیتەیەكی تایبەتی دابمەزرێنێت.




