ھاشم سیتەیی: سنور کراوەیە و دانەخراوە

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ فەرماندەی لیوای ھەشتی پێشمەرگە لەسەر سنور دەڵێت: سنور بەڕووی رۆژ ئاوای کوردستان کراوەیە و دانەخراوە و رۆژانە پەنابەر سەردانی کوردستان دەکەن.
ھاشم سیتەیی فەرماندەی لیوای ھەشتی ھێزی پێشمەرگە لەسەر سنور بەKDP.infoراگەیاند: سنور کراوەیە بەڕووی رۆژئاوای کوردستان بۆ گەیاندنی کۆمەک و ھاوکاری خەڵکی کوردستان و رێکخراوە خێرخوازییەکان بە خەڵکی رۆژ ئاوای کوردستان و خەڵک رۆژانە ھاتوچۆ دەکەن و سەردانی یەکتری دەکەن، بەڵام رێگا نادەن وەک پەیەدە رۆژانە نزیکەی چوار ھەزار کەس بۆ بازرگانی سەردانی کوردستان بکەن و بگەرێنەوە.
ھاشم سیتەیی گوتیشی: رێگا بەھەموو پەنابەرێک دەدرێت، کە بەھۆی رەوشی ئەمنی ئاوارەی کوردستان دەبن و ناگەڕێنەوە و لەکوردستان نیشتەجێ دەبن، بەڵام نەک بێن لەکوردستان چەند رۆژێک بمینێنەوەو کار بکەن و دواتر بگەڕێنەوە.
سیتەیی رونیشیکردهوە، ھەرێمی کوردستان لەھەموو ناوچەکە لەڕووی ئەمنیەوە زۆر سەقامگیرەو رێگا نادەین ئەو ئەمنیەتە تێک بچێت و ئەرکی ھەموومانە بیپارێزین، بۆیە نەک تەنھا لەسنور، بەڵکو لە نێوان دوو پارێزگاش بازگە ھەیە و رێگا نادرێت بەم شێوەیە ھاتۆچۆ بکرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی ھەوڵ بڵاویانکردۆتەوە کە ھەرێمی کوردستان سنوری خۆی بەڕووی رۆژ ئاوای کوردستان داخستووە.




