پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی ڕۆژی شەهیدی كلدان و سریان و ئاشووری

لە یادی ڕۆژی شەهیدانی كلدان سریان ئاشووریدا هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی ئەو شەهیدانە و هەموو شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كوردستان و هاوخەمی كەسوكاری قوربانیانی ئەو كۆمەڵكوژییە دڕندەیانەم كە لەسەر دەستی ڕژێمی ئەو كاتی عێراق ئەنجام دراوە. كارەساتی 7ـی 8ـی 1933 لە دەڤەری سێمێل قەت لە یاد ناكرێت و بەڵگەیەكی بەهێزە لەسەر ئەوەی كە نەتەوە و پێكهاتەكانی دیكەی كوردستانیش هاوشانی كورد تووشی نەهامەتی و نكۆلیكاری هاتوونە و زوڵمیان لێ كراوە. گەلانی كوردستان ساڵانێكی دوورودرێژ تووشی چەرمەسەری و ناخۆشی و نكۆڵیكاری هاتن چونكە هزری خۆسەپێن و شۆڤینی عێراقی بەڕێوە دەبرد. جێگەی ئومێدە ئێستا هەرێمی كوردستان بووەتە مەڵبەندی ئاشتی و ئارامی و پێكەوەژیانی هەموو پێكهاتە و نەتەوە و ئایینەكان و بووەتە پەناگەیەكیش بۆ ئەو خەڵكەی لە ترسی تیرۆر و تۆقاندن ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. لەو بۆنەیەدا داوا لە گشت لایەك دەكەم گیانی برایەتی و پێكەوەژیان و ئاشتی قووڵتر بكەنەوە و هیوادارم ئەو كەشە ئارام و پڕ لە ئاشتییەی لە كوردستاندا هەیە پەرەی پێ بدرێت و بگەینە ڕۆژێك كە وڵاتەكەمان كارەسات و نەهامەتیی دیكە بەخۆیەوە نەبینێت.
مسعود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
6ـی 8ـی 2013




