بەیاننامەی حزب و لایەنە سیاسییەكان لەبارەی رەوشی رۆژئاوای كوردستان

هەولێر- KDP.info/ بەمەبەسەتی ئیدانەو سەركۆنەكردنی ئەو هێرش و پەلامارانەی كە لە رۆژئاوای كوردستان دەكرێنە سەركوردان و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئاستی توندو تیژیەكان لەلایەن گروپە تەكفیری و تیرۆرستیەكانەوە چۆتە قۆناغێكی مەترسیدارەوەو بەسەدان لە ژنان و مناداڵانی كوردیان كوشتوەو فتوای حەڵاڵكردنی سەرو ماڵی كوردانیان داوە، لە كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حزبی شیوعی كوردستان، ژمارەێكی زۆر پارت و حزبی كوردستانی لەسەر ئاستی ناوەندە حزبیەكانیان لەشاری هەولێر، كۆبوونەوەێكیان ئەنجامدا و تاوتوێی چەندین بابەتی وابەستە بە بارودۆخی رۆژئاوای كوردستانیان كرد و لە كۆنگرەێكی رۆژنامەوانیشدا ئەوەیان را گەیاند كە ئەوان بە هەموو شێوەێك دژی ئەو بارودۆخەن كە لە رۆژئاوای كوردستان دەگوزەرێت و بە توندی ئیدانەو سەركۆنەی هەر كارێكی توندو تیژییان كرد كە لەبەرامبەر كوردانی رۆژئاوا ئەنجامدەدەرێت، هەروەك ئەو دۆخەی ئێستای رۆژئاوایان بە هاوشێوەی ئەنفال و جینۆسایدی باشوری كوردستان ناوبرد كە لەسەر دەستی رژێمی بەعس لەبەرامبەر كوردان لە سەدەی رابردوودا ئەنجامدراوە.
داواكاریش بوون لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتی و جیهانیەكانی تر و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەتی كوردستان كە هەڵوێستی جددی وەربگرن،بریاریشە كۆبوونەوەكان لەوبارەیەوە درێژەو بەردەوامییان هەبێت و لە داهاتوودا هەنگاوی دیكە بگرنەبەر. ئەمەش دەقی بەیاننامەكەیە: بەناوی خوای گەورە و میهرەبان ؛ بەیاننامەی كۆبونەوەی حزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری هەولێر؛
ئەمرۆ خۆشك و برایانمان لەرۆژئاوای كوردستان دووچاری پیلانێكی درێژكراوەی پرۆسەكانی قركردن و لەناوبردنی گەلی كورد هاتوون كە لەلایەن هەندێك هێز و گروپی توند رەو و نەژاد پەرست لە ژێر پەردەی ئاینی پیرۆزی ئیسلام ئەنجام دەدرێت، كە بریتیە لە تیرۆرو رەشە كوژی خەلكی سڤیل و ژن و منداڵی بێ دیفاع .
ئێمە وەكو حزب و لایەنە سیاسییەكانی شاری هەولێر بەتوندی ریسوا و شەرمەزاری ئەم كورد كوژیە دەكەین و هاوخەمی و هاوهەڵوێستی خۆمان بۆ خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان دووپات دەكەینەوە و پاڵپشتی سەرجەم هەولەكان دەكەین بۆ راگرتنی ئەم كورد كوژیە و هێنانە دی یەك هەڵوێستی و یەكرێزی گەلەكەمان لەكوردستان بەگشتی و لە رۆژئاوا بەتایبەتی ....
هەروەها بەردەوامی كەمپین و پالپشتی رادەگەێنین كە لە رۆژانی داهاتوودا بەگوێرەی پەرەسەندنی رووداوەكان و پێداویستی هەڵ و مەرجەكە بەشێوازی جیا جیا دەیگرینەبەر .
* داوا كارین لە سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ریسواو مەحكومی ئەم كورد كوژیە بكرێت و پاڵپشتی و هاوكاری كوردانی رۆژئاوا زیاتر بكرێت .
* داوا لە گشت خەڵكی كوردستان دەكەین كە هۆشیارو بەئاگا بن لە بانگەشەی هەندێك كەس و لایەن كە بەناو ئاینی پیرۆزی ئیسلام و بەهاندانی گەنجانمان كە بەشداری بكەن لە كورد كوژیدا، رێگری بكرێت، جەخت دەكەینەوە كە ئەم هەڵوێستانە دوورن لە بەها پیرۆزەكانی ئاینی ئیسلام و مرۆڤایەتی و نەتەوایەتیمان .
* داوا كارین لە خوشك و برایانمان لە رۆژئاوای كوردستان كە یەكریز و یەك هەڵوێست بن بەرامبەر پیلانی ناحەزانی دۆزی رەوای گەلەكەمان .
* داواكارین لە سەرجەم خەلكی كوردستان بۆ بەردەوام بوون و پەرەپێدانی پرۆسەی هاوكاری و پاڵپشتی بۆ كوردانی رۆژئاوا لەسەرجەم بوارەكاندا .
* داوا كارین لە سەرجەم رێكخراوە نێودەولەتیەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ كە هەڵوێستی بەپەلەیان هەبێت بۆ راگرتنی ئەم كۆمەلكوژییەی كە لەرۆژئاوای كوردستان ئەنجام دەدرێت .
حزب و لایەنە سیاسییەكان
1 – كۆمیتەی پارێزگای هەولێری – حزبی شیوعی كوردستان
2 – مەڵبەندی (3) ی – یەكێتی نیشتمانی كوردستان
3 – لقی (2) ی – پارتی دیموكراتی كوردستان
4 – مەڵبەندی (2) یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
5 – مەلبەندی هەولێری كۆمەلی ئیسلامی كوردستان
6 – لقی هەولێری - حزبی دیموكراتی بەیت نەهرین
7 – لقی هەولێری – حزبی ئایندەی كوردستان
8 – ناوەندی رێكخستنی هەولێری پارتی كرێكاران و رەنجدەرانی كوردستان
9 – ناوەندی هەولێری بزوتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان
10 – كۆمیتەی سەركردایەتی هەولێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان
11 – كۆمەڵەی رۆشنبیری توركمان لە كوردستانی عیراق
12 – حزبی رزگاری كوردستان
6/8/2013




