بۆ بەدواداچوونی كەیسی ئەنفالكردنی 18 كچە كوردەكە شاندێك لەهەرێمی كوردستانەوە دەچێتە مسڕ

هەولێر – تایبەت بە KDP.info / سەرچاوەیەك لە وەزارەتی شەهیدان و كاروباری ئەنفالكراوەكان ئاشكرای دەكات كە وەزارەتی ناوبراو نووسراوێكی فەرمی ئاراستەی كونسڵخانەی مسڕ لە هەرێمی كوردستان كردووە سەبارەت بە هاوكاریكردنیان بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە بابەتی ئەنفالكردنی 18 كچە كوردەكە و لە رۆژانی ئایندەش بۆ هەمان مەبەست شاندێكی لەهەرێمی كوردستان بۆ وڵاتی مسڕ بەڕێ دەكەوێت.
فوئاد تەها بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆkdp.infoگوتی: لە رۆژانی رابردوو وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لەرێگەی وەزیرەوە یاداشتێكی ئاراستەی كونسڵ و كونسڵخانەی وڵاتی مسڕ لەهەرێمی كوردستان كرد سەبارەت بە كەیس و بابەتی ئەنفالكردنی 18 كچە كوردەكە لەسەر دەستی رژێمی بەعسی رووخاو لەمیانەی ئەو یاداشتەدا جگە لە داواكاری بۆ هاوكاریكردنی دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ ئەو كەیسە گرنگە یەكێك لە بڕگە گرنگەكانی یاداشتەكە بریتی بوو لە ئاسانكاری كونسڵخانی وڵاتی مسڕ بۆ كەسوكاری ئەو 18 كچە ئەنفالكراوە بۆ ئەوەی سەردانی وڵاتی مسڕ بكەن و لەنزیكەوە زانیاری بەدەست بخەن.
ناوبراو گوتیشی: ئێستا وەزارەتی شەهیدان سەرقاڵی ئەوەیە كە لیژنەیەكی تایبەتمەند بە ئەندامیەتی چەند كەسایەتی و پسپۆڕێك بۆ ئەوەی شان بەشانی كەسوكاری 18 كچە ئەنفالكراوەكە سەردانی وڵاتی مسڕ بكەن بەمەبەستی بەدواداچوون و دەستخستنی زانیاری لەسەر ئەو كەیسە.




