جەهەپە: لە توركیا شتێك بە ناوی سەربەخۆیی یاسا بوونی نییە

ئەستەنبۆلKDP.info/ دوای ئاشكرا بوونی بریاری دادگای توركیا سەبارەت بە دوزی ئەرگەنەكون پارت و لایەنە سیاسییەكانی توركیا بە تایبەتی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) و پارتی رەگەزپەرەستی توركی ( مەهەپە) نارەزایەتی خۆیان لە دژی ئەم بریارە دەربڕی و ئەم بریارەیان بە بریارێكی سیاسی لە قەڵەم دا.
لەم بارەیەوە ئاژانسی سون خەبەری توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی گشتی پارتی كۆماری گەل ( جەهەپە) كەمال قڵێجدار ئوغڵۆ رایگەیاندووە كە بریاری دادگای سزای گرانی ژمارە 13ی ئەستەنبۆڵ سەبارەت بە دوزی ئەرگەنەكون بریارێكی گاڵتەجارییە و هیچ لایەنێكی یاسایی ئەم بریارە نییە.
قڵیجدار ئوغڵۆ هەروەها جەختی لە سەر ئەوە كردووەتەوە كە ئەم بریارە بریارێكە كە بە ویستی حكوومەتی ئاكەپە دەركراوە، بۆیە دوورە لە لایەنی یاسایی بەڵكو بریارێكی سیاسییە و ئەوەی سەلماندووە كە لە توركیا شتێك بە ناوی سەربەخۆیی داد و سەربەخۆیی یاسا بوونی نییە.
هەر لەم بارەیەوە سەرۆكی پارتی رەگەزپەرەستی توركی ( مەهەپە) دەوڵەت باخچەلیش ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەم بریارە جەنایەتێكی یاساییە و ئەوەی سەلماندووە كە لە توركیا دادگا و دەسەڵاتی دادوەری كەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی ئاكەپەیەوە.




