گرووپی دۆق شارتەر داوا لەمنداڵان دەکات لە جەژن یاری تۆنترەقە بەکار نەھێنن

ھەولێر-تایبەت بەKDP.info/ گرووپی دۆق شارتەر لەراگەیاندراوێک کە کۆپیەکی بۆ kdp.infoنێردرواە وتێدا ھاتوو،ئاشکرایە کە جیھانی منداڵان, جیھانێکی تایبەتە و تایبەتمەندی و جیاکەرەوەی خۆی ھەیە. ئەوەش روونە کە یاریکردن بەشێکی دیاری ژیانی منداڵان داگیردەکات و وەکو پێویستییەکی روحی بۆیان ھەژمار دەکرێت.
ھەر لە راگەیاندراوەکەدا ھاتووە، بۆیە ئەوەی ئێمە تێبنیمان کردووە کە بەشێکی بەرچاو لە منداڵان گیرۆدەی جۆرێک لە یاری بوونەتەوە, کە پێی دەگوترێت یاری (تۆنترەقە و مۆروو) ساڵانە لە جەژن و بۆنەکاندا زۆرتر بەدیدەکرێت . ئەمساڵ وەک دەبینین ئەم دیاردەیە کەمتر بووەتەوە و ھیوادارین لە رۆژانی جەژنیشدا بەدی نەکرێت.
رونیشیکردۆتەوە، ھۆکاری پەرەسەندنی ئەم جۆرە یارییە نا تەندروستە بۆ ئەو بازرگانییە زیانمەندەی کە ھەندێک لە بازرگانان بازرگانی پێوە دەکەن، دەگەڕێتەوە. سەرەڕای رێگرتن و قەدەغەکردنی ھێنان و کڕین و فرۆشتنی , کەچی ھێشتا ئاسانکاری لە ھێنانی ئەو جۆرە یارییە دەکەن. جێی خۆیەتی ئەوەش بگوترێت کە یارییەکە سەرەڕای زیانە ماددییەکەی, ھەندێکجار زیانی جەستەی برینداربوونی منداڵانی لێدەکەوێتەوە .
راگەیاندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لێرەدا ناکرێت رۆڵی ھەندێک درامای پەخشکراو لە کەناڵەکانەوە لەبیر بکرێت, کە راستەوخۆ ھاندەری منداڵانن بۆ کڕینی ئەو جۆرە یارییانە و ھۆکارێکن بۆ دروست بوونی توندوتیژی. ئێمە لە گرووپی دۆق شارتەر بۆ ھونەری منداڵان پاڵپشتی و پشتگیری خۆمان لەو جۆرە ھەڵمەتانە دەکەین و دەستخۆشی لەو کەس و لایەنانە دەکەین کە ئەو جۆرە یارییانە قەدەغە بکەن کە دەبنە ھۆی زیان بۆ منداڵان, بەپێویستی دەزانین ساڵ بە ساڵ ھەنگاوی باش بنێین بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە کە لە بەرژەوەندی گشتیدایە و تاوەکو کۆمەڵگە بە پەروەردەیەکی دروست ھەراش بێت. ھەروەک پێویستە ئەوەش وەبیری دایک و باوکەکان بھێنینەوە, کە رۆڵی ئێوە گرنگە و بە ئامۆژگاری و رێنموونی خێزانەکان دەتوانرێت رێگە بگیرێت لە زیادبوونی ئەو دیاردەیە و منداڵان لە ئاسەوارە خراپەکانی ھۆشیار بکرێنەوە.
لە کۆتاییشدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان لە منداڵە چاوگەشەکان پیرۆز دەکەین و ئەم جەژنە بۆ ھەموو لایەک نوقڵانەی خێر و خۆشی بێت.




