بورهان قۆزۆ: ئەڵمانیا پشتگیری لە رووداوەكانی پاركی گەزی كردووە

ئەنقەرە- KDP.info/ سەرۆكی كۆمسیونی دەستووری بنەڕەتی توركیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بورهان قۆزۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی رووداو پێشهاتەكانی ئەم دوایەی توركیا كرد و رایگەیاند كە توركیا رێگای پێشكەوتن و بەهێز بوونی دۆزیوەتەوە و حكوومەتی توركیایش بۆ دیموكراتیزە كردنی توركیا و بەهێزتر كردنی پێگەی توركیا لە هەوڵی بەردەوامدا دەبێت.
لەم بارەیەوە رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاوی كردووەتەوە كە سەرۆكی كومسیونی دەستووری بنەڕەتی توركیا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە بورهان قۆزۆ باسی رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵیشی كردووە و رایگەیاندووە كە ئارمانجی سەرەكەی ئەم رووداوانە ئاستەنگ كردنی رێگای پێشكەوتن و بەهێز بوونی توركیا بوو بەڵام نەیانتوانی سەركەوتن بە دەستەوە بهێنن.
بورهان قۆزۆ هەروەها باسی ئەوەی كردووە كە چەندین وڵاتی ئەورووپایی بە تایبەت ئەڵمانیا بە هەر شێوەیەك پشتگیری لە خۆپێشاندان و رووداوەكانی پاركی گەزی و مەیدانی تەقسیمی ئەستەنبۆڵی كردووە و ویستوویەتی بەمجۆرە حكوومەتی ئێستەی توركیا واز لە دەسەلات بهێنێت.




