دیندار زێباری:پێشوازی لە بڕیاری 2110 ئەنجوومەنی ئاسایشدەكەینسەبارەت بە درێژكردنەوەی ئەركەكانینەتەوە یەكگرتووەكانلە عێراق

هەولێر- KDP.info/ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ژمارە 7008 لە بەرواری 24/7/ 2013 هەستا بە پەسەندكردنی بڕیاری 2110 سەبارەت بە درێژەدان بە ماوەی كاركردنی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعێراق لە پێناوی هاوكاركردن و یارمەتیدانی حكوومەت و خەڵكی عێراق بۆ بەرقەراركردنی سەقامگیری و ئاسایش لە وڵاتدا. لە فەرمانەكە ئاماژە بە هاندانی حكوومەتی عێراق كراوە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرەو پێشبردنی قۆناغی گەشەی دیموكراتی و هێنانەكایەی سەرەوەری یاسا لەوڵات بۆ پاراستن و باشكردنی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەعێراقدا.
هەربەم هۆیەشەوە د. دیندار زێباری یاریدەدەری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوندییەكانی دەرەوە سوپاس و پێزانینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ یونامی و تەواوی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربڕی كە لەماوەی ڕابردوو توانیویانە هاوكارو یارمەتیدەرێكی باشی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بن لەبوارە جیاوازەكانی حكومڕانیدا. هاوكات پێشتیوانی و هەماهەنگی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دووپاتكردەوە بۆ ئاسانكاری لەئەركەكانی داهاتووی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەئامانجی باشتركردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و گەشەی دیموكراسی.
زێباری جەختی كردەوە كە نەتەوە یەكگرتووەكان لەماوەی ڕابردوو هەوڵی زۆریانداوە بۆ بەرجەستە كردنی زمانی گفتوگۆ و دایەلۆگ لەنێوان پێكهاتەكانی عێراق لەبڕی شەڕ و ململانێی تایفەگەری وە هیوای خواست ئەو هەوڵانەیان بەردەوام بێت لەداهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن گەلانی عێراق هانبدەن دوور لەزمانی توندو تیژی و كوشتن كێشەكانیان چارەسەربكەن.




