٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هەولێر ئاماری شەش مانگ و پلانی ئەمنیی بۆ رۆژانی جەژن راگەیاند

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info/ بە گوێرەی ئامارێكی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا 26 ئافرەت كوژراون و 19 پیاویش خۆیان كوشتووە.

عەقیدی مافپەروەر عەبدولقادر محەمەد حەسەن بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ جوڵانەوە و تاوانی‌ هەولێر، ئەمڕۆ كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆ، لە كۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا وێڕای خستنەڕووی پلانی‌ ئەمنی‌ بۆ رۆژانی‌ جەژنی ڕەمەزان، ئاماری‌ ڕووداوەكانی‌ شەش مانگی‌ یەكەمی‌ ئەمساڵی‌ ڕاگەیاند.

عەقید عەبدولقادر، رایگەیاند كە لە شەش مانگی‌ رابردوودا 26 حاڵەتی‌ كوشتنی‌ ئافرەت تۆمار كراوە و رێژەی‌ 87%ی‌ بكوژەكانیش ئاشكرا بوون و ئیجرائاتی یاساییان لەگەڵدا كراوە.

بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ جوڵانەوە و تاوانی‌ هەولێر، ڕوونیشی كردەوە كە هەر لەو ماوەیەدا‌ 52 ئافرەت خۆیان سووتاندووە كە 92%یان مردوون و 32 كەسیش حوكم دراون، هەروەها 462 حاڵەتی لێدان و ئازاردانی‌ ئافرەتانیش تۆمار كراوە.

ئەو هەروەها ئاماژەی دا كە لەم شەش مانگەی ڕابردوودا بێجگە لە تۆماركردنی 19حاڵەتی‌ خۆكوشتنی‌ پیاوان، 226 حاڵەتی‌ دزیكردن تۆمار كراوە كە 69% ئاشكرا بوون و هەروەها 389 حاڵەتی‌ فێڵكردنیش هەبووە.

بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ جوڵانەوە و تاوانی هەولێر، لەبارەی پلانی‌ ئەمنییەوە‌ بۆ رۆژانی‌ جەژنی ڕەمەزان، گوتی كە پلانەكە رۆژێك پێش جەژن دەست پێدەكات كە پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی‌ هاتوچۆ و زێرەڤانی‌ بەشداری تێدا دەكەن و بێجگە لە پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتیان لە ناوەوە و دەرەوەی شار، هێزە هاوبەشە ئەمنییەكان بەسەر گۆڕستانەكانیشدا دابەش دەكرێن.

 

بە وتەی عەقید عەبدولقادر، پلانە ئەمنییەكە كە بێجگە لە هێزە ئەمنییەكانی تر 2 هەزار پۆلیس بەشداری تێدا دەكەن، بەردەوام دەبێت تا پشووی‌ جەژن كۆتایی‌ دێت و هەموو هەوڵێكیش دەخەنە گەڕ تا ڕێگری لە هەر كارێكی نایاسایی بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار