فوئاد حوسێن: لێدوانی ئەم دواییەی مالیکی مەترسیدارە

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیران لەبارەی پەرلەمانی عێراقەوە پێشێلکردنی دەستوورە و مەترسیدارە.
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن، ئەمڕۆ چوارشەممە 27/6/2012 ، لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "مافی مالیکی نییە کە بڕیار لەسەر نەبوونی لێپرسینەوە بدات و ئەمە بڕیارێکە بە گوێرەی دەستووری عێراقی لە دەستی پەرلەمانە."
فوئاد حوسێن سەرسوڕمانی خۆی لە لێدوانەکانی مالیکی لەبارەی چاکسازیییەکانی پەرلەمانەوە دەربڕی و دووپاتی کردەوە، ئەو لە ئامانجی مالیکی لەو قسانە تێنەگەیشتووە.
هەروەها ئاماژەی کردووە، مالیکی لە لێدوانەکانیدا شێوەیەک لە هەڕەشەی بە کار هێنانەوە و باس لە ونکردنی پەرلەمان دەکا و دەڵێ لە حاڵەتی ونکردندایە و دەپرسم ئەگەر وایە کەی ونکراوە؟ کێ پەرلەمانی ون کردووە؟
ئەو دەڵێت، "مالیکی و هاوپەیمانەکەی ٨٩ کورسییان هەیە. لەو بروایەدام ئەوەی مالکی گوتوویەتی ناکۆکە لەگەڵ دەستوور و پرۆسەی دیموکراسی. ئەمەیش ترس دروست دەکات و بۆچوونێکمان دەداتێ کە مالیکی باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی نییە، چونکە پەرلەمان بەشێکە لە رەوتی دیموکراسی هەر ولاتێکدا."
نووری مالیکی ٢٤ی ئەم مانگە، لە لێدوانێکیدا دەڵێ "ئامادەییم نییە بچمە بەردەم پەرلەمانێک بۆ لیپێچینەوە و بە مەبەستی سەندنەوەی متمانە، تا ئەو کاتەی چاکسازی لە دەستەڵاتی یاساداناندا دەکرێ."




