25 گەورە كۆمپانیای وەبەرهێنەری دوبەی وەبەرهێنانی كشتوكاڵ لە كوردستان ئەنجام دەدەن


هەولێر-KDP.info/ پرۆفیسۆر د. سیروان بابان وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو پێشوازی كرد لە ئامانج یاروەیس بەڕێوەبەرو نوێنەری نووسینگەی ژووری بازرگانی دوبەی لە هەولێر.
لە دیدارەكەدا كە دكتۆر ئەنوەر عومەر بەڕێوەبەری گشتی پلان و بەدواداچوون ئامادەی بوو، سەرەتا باس لە ئامانجی ئەو سەردانە بۆ وەزارەت كرا كە بریتییە لە كردنەوەی كەناڵی پەیوەندی نێوان وەزارەت و ژووری بازرگانی دوبەی.
هاوكات ئاماژە بەو شاندە فەرمییە گەورەیە كرا كە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لە نوێنەرانی 25 كۆمپانیا پێكدێت كە ئێستا قەبارەی بازرگانیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا زۆر فراوانە، شاندی ئەو كۆمپانیایانە مەبەستیان ئەنجامدانی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە بواری كشتوكاڵ و بۆ ئەم مەبەستەش داوایان كرد كە وەزارەت پێداویستییەكانی خۆی لە ئەولەویاتی پرۆژە گرنگەكان بخاتە بەردەم میوانەكە تاكو بەشداری لە راپەڕاندیاندا بكەن.لە لای خۆشیەوە وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو روونی كردەوە كە ئێستا ئیماراتی عەرەبی بە گشتی و دوبەی بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا زۆر پێشكەوتووەو لەگەڵ هەرێمی كوردستانیشدا پەیوەندی بازرگانی و وەبەرهێنانی لەوپەڕی پێشكەوتن و پەرەسەندندایە.
لە تەوەرێكی دیكەدا وەزیرباسی لەو مینی كۆنفرانسانە كرد كە وەزارەت لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان و پارێزگاكان سازی كرد بە مەبەستی خۆسازدان بۆ كۆنگرەی گشتی وەزارەت و ئامانجی سەرەكیش لەمەدا داڕشتنی پلانی پێنج ساڵەی داهاتووی وەزارەتە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سەرەكی وەزارەت لە دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و ئاوە.
جەختیشی كردەوە كە ژووری بازرگانی دوبەی هاوكاری وەزارەت بكات لە كردنەوەی بازاڕ بۆ ساخكردنەوەی ئەو بەرهەمانەی كە لە پێویستیی هاووڵاتیانی هەرێم زیادەو لە بازاڕەكانی دووبەی ساخ بكرێنەوە كە بە شێوەیەك بێت كاریگەریی نەرێنیی ئابووری بۆ سەر گوزەرانی جووتیاران نەبێت و سوود بە ئابووری كوردستان بگەیەنێت، بە تایبەتیش كە كوردستان لە زۆر بەروبوومی میوە دەوڵەمەندە لەوانە ترێ و سێو و هەنار مەبەستیش لەمەدا ناساندنی بەرهەمی خۆماڵی كوردستانە لە بازاڕەكانی دەرەوەدا.ئاماژەش بەو پێشانگایە كشتوكاڵییانە كرا كە لە ماوەی رابردوودا لە دوبەی و بەحرەین سازكران و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویش چالاكانە بەشدری تێداكرد.
لەلای خۆشیەوە ئامانج یاروەیس دووپاتیكردەوە ئەوان وەكو نوێنەرایەتی لە كوردستان ئامادەن هەماهەنگی و هاوكاریی وەزارەت بكەن و بە تایبەتیش هاندانی كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانی دوبەی تاكو بەشداری لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا بكەن




