میسر... وەزارەتی ناوخۆ هەوڵی هێوركردنەوەی رەوشی ناوخۆ دەدات

قاهیرە – kdp.info/ هێزەكانی پۆلیسی میسر، هەر دوو ناوچەی رابیعەی عەدەوی و نەهزەی لە شاری قاهیرەیان بە تووندی گەمارۆ داون ئەمەش وەك رێكگرتنێك لە بەردەم ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن لایەنگرانی ئیخوان موسلیمین لەو وڵاتە. پێشتریش حكوومەتی میسر وەزارەتی ناوخۆی راسپارد كەوا رێوشوێنێك پێویست و تووند بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی لایەنگرانی ئیخوانییەكان بگرێتە بەر و پاشان وەزارەتی ناوخۆ لە سەر راسپاردەكەی حكوومەت داوای لە لایەنگرانی ئیخوانیەكان كرد كە بە زووترین كات شوێنی مانگرتن و خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكان لە ناوچەكانی رابیعەی عەدەوی و نەهزە جۆڵ بكەن. لەم بارەیەوە هانی عەبدولەتیف گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی میسر لە لێدوانێكدا بە ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرزی راگەیاند: هەر دوا بە دوای راسپاردەكەی حكوومەتی میسر بۆ وەزارەتی ناوخۆ لەوەی هەنگاو بۆ كۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانە ناڕەزاییەكانی ئیخوانەكان بگرێتە بەر، وەزارەتی ناوخۆ لە رێگای دارێشتنی پلانێك، تەواوی هێزەكانی پۆلیسی لە ناوچەكانی رابیعەی عەدەوی و نەهزەی لە شاری قاهیرە بڵاوكردووەتەوە بۆ ئەوەی رێگا بە لایەنگرانی ئیخوانییەكان نەدەن چی دیكە لەو دوو ناوچەیە خۆپیشاندانی ناڕەزایی ئەنجام بدەن و گوتیشی: هەر كەسێك لە لایەنگرانی ئیخوانەكان بێتە سەر شەقام و دەست بە خۆپیشاندانی ناڕەزایی بكات ئەوە خۆی بەرپرسیارە لە ناپاراستنی گیانی خۆی چونكە وەزارەتی ناوخۆ رێگای بە هێزەكانی پۆلیس بە داوە لەوەی هەموو رێگایەك بەرامبەر رێگاگرتن لە ئەنجام نەدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لەلایەن لایەنگرانی ئیخوانییەكان بگرنە بەر. لەلایەكی دیكەوە گیدۆ فیستەر فیللە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە میانی سەردانەكەی بۆ میسر لەگەڵ محەمەد بەرادەعی جێگری سەرۆكی میسر بۆ كاروباری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا دواین پێشهات و رووداوەكانی ئەمنی و سیاسی خرایە سەر مێزی وتوێژ و لەو نێوەدەدا فیستەر فیللە و بەرادەعی بە وردی پێشهات و رووداوەكانی لە سەر ئاستی ئەمنی و سیاسی هەڵسەنگاندن و لەو رووەوەو جێگری سەرۆكی میسر بۆ كاروبارە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان ئەوەی بە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای راگەیاندووە، كە لە ئێستادا هەموو لایەنەكان هەوڵەكانیان بۆ یەكلایی كردنەوە و چارەسەركردنی قەیرانی ناوخۆی میسر خستوونەتە گەڕ و بەرادەعی بە دووریشی نەزانی بەم نزیكانە قەیرانی ناوخۆیی وڵاتەكەی بە یەكجاری چارەسەر بكرێت.




