سزا سەپێنراوەكانی سەر ئێران توندتر دەكرێن

ئەمەریکا - KDP.info/ ئاژانسەكانی هەواڵ بڵاویان كردەوە، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی؛ پرۆژە یاساییەكان پەسەند كرد كە خۆی لە تووندكردنی سزا سەپێندراوە ئابوورییەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەبینێتەوە. وەك ئاژانسەكانی هەواڵ روونیان كردەوە، پرۆژە یاساكە گە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا پەسەندی كرد، چوار سەد ئەندام بە بەڵێ دەنگیان لە سەر پرۆژەكە داوە و بەرامبەر بە بیست دەنگ كە بە نەخێر دەنگیان لەسەر پرۆژە یاساكە داوە، پرۆژە یاساكە جەخت لە سەر كەمكردنەوەی زیاتری هەناردەكردنی نەوتی ئێران بۆ دەرەوەی وڵات دەكاتەوە ئەمەش وەك هەوڵێك لە بێ بەشكردنی حكوومەتی ئێران لە پارەی پێویست بۆ برودان بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی. واش بڕیارە بەم نزیكانە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا ڕەزامەندی لە سەر پرۆژە یاساكە نیشان بدات بۆ ئەوەی باراك ئۆباماش سەرۆكی ئەو وڵاتە پرۆژە یاساكە پەسەند بكات. پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بەر لە چەند رۆژێك لە وەرگرتنی دەسەڵاتی سەرۆكایەتی لەلایەن حەسەن رووحانی سەرۆكی هەڵبژێردراوەی ئێران دێت.




